لە پاڵاوگەیەکی نەوتیی ئێران تەقینەوەیەک روویدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پاڵاوگەی نەوتی بەندەرعەباس لە باشووری ئێران بەهۆی تەقینەوەی کوورەیەکی پاڵاوگەکە ئاگرکەوتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.
پاڵاوگەکە ناوی ئافتابە و لە بەندەرعەباسە لە پارێزگای هورموزگان کە دەکەوێتە باشووری ئێران.
بابایی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی پاڵاوگەی نەوتیی ئافتابی بەندەرعەباس لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 11:30ی ئەمڕۆ بە کاتی ئێران (11:00 بە کاتی هەولێر) روویداوە و بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە یەکێک لە کوورەکانی پاڵاوگەکە بووە.
حەبیب بەهادوری، قایمقامی بەندەرعباس-یش رایگەیاند، "لە رووداوەکەی پاڵاوگەی نەوتی بەندەرعەباسدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن کە دۆخی تەندروستیی یەکێکیان زۆر خراپە."
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کەسێکی تەمەن 38 ساڵانە و لە کاتی لەحیمکردنی تانکییەکی پاڵاوگەکەدا گیانی لەدەستداوە.
پاڵاوگەی نەوتی ئافتابی بەندەرعەباس لە ساڵی 1998 لەسەر رووبەری 700 هێکتار زەوی کرایەوە و توانای پاڵاوتنی 350 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە کە دەکاتە نزیکەی 18٪ی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران. هەروەها لەو پاڵاوگەیەوە رۆژانە زیاتر لە 12 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێندرێت.