لە ئێران 360 جۆری دەرمان بە ئەستەم دەستدەکەون و هۆشداری دەدرێت بگاتە 900 جۆر
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی لیژنەی کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و تیمی ئابووریی حکومەت بەڕێوەچوو، کێشەی گرانبوون و کەمیی دەرمانیان لە وڵاتەکە تاوتوێ کرد.
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، "نرخی دەرمان بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی لە نرخی دۆلار و دراوە بیانییەکاندا روودەدات، دەگۆڕێت. بەڵام حکومەت هەوڵ دەدات هاوکاریی خەڵک بکات و ئەو جیاوازیی نرخەی کە روودەدات، دەداتە بیمەکان بۆئەوەی پارەکە لە گیرفانی خەڵک نەڕوات."
حکومەت بڕیاری داوە، نرخی دۆلار بۆ دابینکردنی دەرمان لە 28 هەزار و 500 تمەنەوە بۆ 38 هەزار و 500 تمەن بەرز بکاتەوە، ئەمەش گرانبوونی نرخی دەرمانەکان و کەمیی هەندێک جۆری دەرمانی لێکەوتووەتەوە.
هومایون نەجەف ئابادی، سەرۆکی کۆمیتەی دەرمانی سەر بە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئێستا کەمیی 360 جۆری دەرمان لەو وڵاتە هەیە. دەشڵێت، سەڕەرای بڕیاری سەرۆککۆمار بۆ خەرجکردنی 50 تریلیۆن تمەن بۆ دابینکردنی دەرمان، بەڵام بانکی ناوەندی پارەکەی خەرج نەکردووە.
سەلمان ئیسحاقی، گوتەبێژی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ژمارەی ئەو دەرمانانەی بە ئەستەم دەستدەکەون، دەگاتە 900 جۆر.
مەهدی پیرساڵحی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران و سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمان دەڵێت، "بۆئەوەی خەڵک دەرمانی دەستبکەوێت، باشترین رێگە ئەوەیە دەرمانی زیاتر لە ناوخۆی وڵات بەرهەم بهێنین، چۆنکە ئەگەر بەرهەمهێنانمان نەبێت یان پشتگیری لە بەرهەمهێنانی ناوخۆ نەکەین، بەو بودجەیە ناتوانین دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکانمان لە دەرەوە دابین بکەین."
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کاری لە پێشینەیان ئەوەیە دەرمان بە نرخێکی دادپەروەرانە بگاتە دەستی خەڵک، "بەڵام ئەو نیگەرانییەی کە بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر گیرفانی خەڵک، نیگەرانییەکی جیدییە و پێویستە لە رێگەی بیمەکانەوە چارەسەری بکەین."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران لە ساڵی 2023دا بایی 2.3 ملیار دۆلار دەرمانی هاوردە کردووە. وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە دەڵێت، بەشێکی پێداویستییەکان و 40%ی کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە رێگەی هاوردەوە دابین دەکرێت.