پەرلەمانتارێکی ئێران: باڵاپۆشی دەمێنێت


رووداو دیجیتاڵ

حوسێن جەلالی، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت، باڵاپۆشی دەمێنێت، بەڵام شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی پابەنەبوون بە باڵاپۆشی دەگۆڕێت و ئەژماری بانکیی ئەو کەسانە دادەخرێت کەوا پابەندی باڵاپۆشی نابن.
 
بەگوتەی حوسێن جەلالی، پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمیسیۆنی کولتووری پەرلەمان، لەجێی ئەوەی کە پۆلیس لەسەر شەقامەکان بەرەنگاری ئەو ژنانە بێتەوە پابەندی باڵاپۆشی نین، "لەڕێی کورتەنامەوە ئاگاداردەکرێتەوە کە تۆ پابەندی باڵاپۆشی نیت و دەبێت رێز بۆ یاسا دابنێن."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئەمڕۆ سێشەممە، 06.12.2022 باسی لەوە کرد، "دوای ئاگادارکردنەوە، قۆناخی هۆشداریدان دەستپێدەکات و لە قۆناخی سێیەمیشدا رەنگە ئەژماری بانکیی ئەو ژنەی پابەندی باڵاپۆشی نییە، دابخرێت."
 
حوسێن جەلالی رۆژی رابردووش ئاماژەی بەوە دابوو "تاوەکو دوو هەفتەی دیکە پڕۆژەی باڵاپۆشی و پاکداوێنی جێبەجێ دەکرێت" و "تێچووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی و لابردنی باڵاپۆشی بەرز دەکەینەوە."
 
محەممەد جەعفەر مونتەزری، داواکاری گشتیی ئێران رۆژی، 03.12.2022، رایگەیاند، چالاکییەکانی پۆلیسی رەوشت راگیراوە و پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری خەریکن پرسی باڵاپۆشی تاوتوێ دەکەنەوە و ئەنجامەکەی دوو هەفتەی دیکە دەردەکەوێت.
 
عەلی خان محەممەدی، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرمان بە چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپەش دواتر گوتی، ئەرکی پۆلیسی رەوشت کۆتایی هاتووە. ئەو هاوکات جەختی کردەوە، بۆ باڵاپۆشی و پاکداوێنی دەبێت کەڵک لە "شێوازی نوێتر و وردتر" وەربگیرێت.
 
زۆر کەس پێیانوابوو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرسی باڵاپۆشی و پۆلیسی رەوشتدا پاشەکشێی کردووە، بەڵام حوسێن جەلالی رۆژی دووشەممە گوتی: کۆماری ئیسلامی "پاشەکشێ لە پڕۆژەی باڵاپۆشی و پاکداوێنیدا ناکات"، چونکە "ئەمە پاشەکشێیە بە مانای پاشەکشێی کۆماری ئیسلامی دەبێت."
 
گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بەتۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرا، شەپۆلێکی کەم وێنەی ناڕەزایەتی دژی کۆماری ئیسلامی بەدواداهات.
 
پۆلیسی رەوشت و رێکارەکانی دیکەی حکومەت بۆ پاراستنی باڵاپۆشی، ناڕەزایەتی زۆری دروست کردبوو، بۆیە حکومەت لە هەوڵدا بوو گۆڕانکارییەک لە یاسای باڵاپۆشیدا بکات، بەجۆرێک کە بەرپرسایەتی و ناڕەزایەتییەکان لەسەر پۆلیس لابدات.
 
جەلال رەشیدی کوچی، پەرلەمانتار، نێوەڕاستی هاوین گوتی، ئەزموونی پۆلیسی رەوشت دەریخستووە، هیچ کەس بەم شێوەیە پابەندی باڵاپۆشی نەبووە و پۆلیسی رەوشت ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە.