ئێران لە نێوان زیادبوونی هەژموونی هەرێمی و ئازاری هێرشە نێوخۆییەکانیدا
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی رۆژئاوا، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پشت ئەو هێرشانەوەیە کە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام هێرشە خوێناوییەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی شاری کرمان کە داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لێ راگەیاند، ئەوەی وەبیرهێناینەوە کە کێشەیەکی نێوخۆیی کۆن هێشتا بەرۆکی ئێرانی بەرنەداوە.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو، تاران کاری لەسەر دروستکردنی شتێک کردووە بە ناوی "بەرەی بەرخودان" یاخود "میحوەری مقاوەمە،" کە لە ژێر سەرکردایەتیی خۆیدا، ژمارەیەک لایەنی هەرێمیی دژبەری ئیسرائیل و ئەمریکا لەخۆ دەگرێت، لەوانەش حیزبوڵڵای لوبنانی، بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)ی فەلەستینی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حووسییەکانی یەمەن.
لەو کاتەشەوە کە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، واتە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ئەم گرووپانە لە چەندین بەرەوە چالاکبوون: حیزبوڵڵا رۆژانە سنووری ئیسرائیل بۆردوومان دەکات، حووسییەکان لە دەریای سوور هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتیانەی کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
ئەم گرژییانە مەترسیی ئەوەیان لێ دەکرێت کە جەنگی غەززە فراوان بکەن و بیگۆڕن بۆ جەنگێکی هەرێمی. ئەمریکا چەندین جار لە دژی زیادکردنی گرژییەکان هۆشداریی بە ئێران داوە، وێڕای ئەوەی کە تاران دەڵێت، "هیچ پەیوەندیێکی راستەوخۆیان بەو هێرشانەوە نییە. "
بەڵام ئەوەی کە روونە و نکوڵیی لێ ناکرێت، ئەوەیە کە ئەو هەژموونەی ئێران لە چەندین ساڵی رابردوودا کاری بۆ کردووە، ئێستا لە زیادبووندایە.
حوسنی عوبەیدی، لێکۆڵینڤانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی جیهانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە جنێڤ، پێیوایە کە "ئێران پێویستی بەوە نییە تەنانەت یەک سەربازی خۆی بەکاربێنێت، چونکە بریکارەکانی بە نوێنەرایەتیی ئەو کاری بۆ دەکەن."
لێکۆڵینڤانەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە وێڕای ئەوەی ئێران بووەتە "هێزێکی هەرێمیی گرنگ و توانایەکی گەورەی بۆ کێشەنانەوە هەیە، لە نێوخۆدا پووت و نێوبۆشە."
ئەو دوو تەقینەوە خۆکوژییەی کە رۆژی چوارشەممە لە شاری کرمانی باشوور روویاندا و داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لێیان راگەیاند، بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 91 کەس.
دوو تەقینەوەکە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵڕۆژی کوژرانی فەرماندەکەدا روویاندا. سولەیمانی لە 03/01/2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا کوژرا.
ئەو فەرماندەیە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران بوو؛ یەکێک بوو لە ئەندازیارانی سیاسەت و ستراتیژیی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەستەرێکی سەرەکیی نێوان هەموو لایەنەکانی "بەرەی بەرخودان" بوو کە خۆی رۆڵێکی سەرەکی لە دروستکردنیدا بینیبوو.
"شکست"
سولەیمانی بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێت کە رۆڵێکی کاریگەری لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەبووە دوای ئەوەی کە رێکخراوە پەڕگیرەکە رووبەڕێکی بەرفراوانی عێراق و سووریای داگیرکرد.
ئەم تەقینەوانەی کە رۆژی چوارشەممە لە نێو ئێراندا لە دووری یەک - دوو کیلۆمەتر لە گۆڕی قاسم سولەیمانییەوە روویاندا، تاکە هێرشی خوێناویی تیرۆریستی نەبووە، بەڵکو لە ماوەی ساڵانی رابردوودا وڵاتەکە چەندین هێرشی خوێناویی بەخۆیەوە بینیوە کە بەرپرسانی تاران دەیانخەنە ئەستۆی پارتە کوردییەکان، گرووپە "جوداخوازەکان" و "تیرۆرستەکان،" وەک داعش، یان گرووپە پەڕگیرەکانی دیکە، هەروەها گرووپە بەلووچییەکانی پارێزگەی سیستان و بەلووچستان یان گرووپە عەرەبییەکانی خوزستان.
تاران هەروەها لە ساڵانی رابردوودا ئیسرائیلیشی تۆمەتبارکردووە بە زنجیرەیەک هێرش کە تێیاندا زانا و ناوەندە هەستیارەکانی بەرنامەی ئەتۆمی و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران کرانە ئامانج.
ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە ژمارەیەک کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی دیکە دەستگیرکردووە، دیارترینیشیان ئەوانە بوون کە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیلی تێكەڵکردووە.
عەلی واعز، بەرپرسی پرۆگرامی ئێران لە "گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان،" پێیوایە کە "دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە راپەڕاندنی ئەرکی سەرەکیی خۆیان بۆ دابینکردنی ئاسایش شکستیان هێناوە،" چونکە بە گوتەی خۆی، "نەیانتوانیوە بەرپرسان و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان بە رووی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکاندا بپارێزن و نەشیانتوانیوە گردبوونەوەکان و شوێنە ئایینییەکان لە دژی هێرشە تیرۆرستییەکان بپارێزن."
یەکەمجار کە داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشێک لە نێو ئێراندا رابگەیێنێت، لە ساڵی 2017 بوو، کاتێک کە هێرشکرایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی ئێران و گۆڕی ئیمام خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، کە لەو هێرشەدا لانیکەم 17 کەس کوژران.
"نایەوێت ململانێکە فراوان بێت"
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشێک بۆ سەر مەزارگەی ئەحمەد موسای کازم لە شاری شیراز راگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس؛ ئەوە دووەم هێرش بوو لە یەک ساڵدا بکرێتە سەر هەمان شوێن.
لە ئەیلوولی ساڵی 2022ـەوە، ئێران زنجیرەیەک خۆپێشاندانی دژ بە گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی کە کچە کوردەکە لە لایەن "پۆلیسی رەوشت"ی تارانەوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای سەرپۆش دەستگیرکرا و دواتر گیانی لەدەستدا.
واعز پێیوایە کە بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران "هەراسانکردنی ژنانی بێ سەرپۆش و چەوساندنەوەی کۆمەڵگەی سڤیلیان کردووەتە کاری سەرەکییان، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە کارە لەپێشینەکانی خۆیان دیاریبکەن."
هەروەها سەنەم وەکیل، لێکۆڵینڤانی پەیمانگەی چاتام هاوس هۆشداری دەدات لەوەی کە دەکرێت حکومەتی ئێران "جارێکی دیکە بکەوێتەوە بەر رەخنەی نێوخۆیی بەهۆی ئەوەی لە بری پرسە نێوخۆییەکان، ململانێی لەگەڵ ئیسرائیلی کردووەتە کاری لەپێشینە."
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئابووریی ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لە بارودۆخێکی خراپدایە. ئەو سزایانە دوای کشانەوەی تاکلایەنانەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018، بەسەر تاراندا سەپێندرانەوە.
پێشتریش چەند دەنگێکی ناڕازی لە نێو ئێراندا رەخنەیان لەو بارگرانی و تێچووە گرت کە بۆ پشتیوانیکردنی گرووپەکانی "بەرەی بەرخودان" لەسەر ئێران کەوتووە، بە تایبەتیش کە هەندێ لەو کارانەی لایەنەکانی نێو بەرەکە دەیکەن، ئێران دەخەنە ژێر هەڕەشەی پەرچەکرداری ئەمریکا و ئیسرائیل.
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، تاران چەندین جار هۆشداریی داوە لەوەی کە دەکرێت "دۆخەکە لە دەست دەربچێت،" داوای وەستاندنی جەنگی کردووە و لە هەمان کاتدا هۆشداریی داوە لەوەی کە "شتێکی ئاساییە" گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو شتەی لە غەززە روودەدات.
واعز روونیدەکاتەوە کە "لەبەر ئەوەی ئێران درک بە خاڵە لاوازەکانی دەکات، نایەوێت جەنگی غەززە فراوانبێت و بگۆڕێت بۆ ململانێیێکی هەرێمی کە تێیدا نەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر بەرگری لەخۆی بکات."