ئیتڵاعات: 71 کەسمان لەسەر شڵەژانی بازاڕی دراو دەستبەسەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت، 71 کەسی بە تۆمەتی شڵەژاندن و ناسەقامگیرکردنی بازاڕی دراو دەستبەسەر کردووە.
وەزارەتی ئیتڵاعات ئەمڕۆ هەینی، 5-5-2023، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، 71 کەس کە لە چوارچێوەی 23 گرووپ و دەستەی رێکخراو کاری نایاساییان دەکرد، لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، ئیلام، تەورێز، ئیسفەهان، خۆراسانی رەزەوی، مازەندەران، کرمان، چوارمەحالی بەختیاری و ئەلبورز دەستبەسەرکراون.
ئیتڵاعات ئەو کەسانە بە کڕین و فرۆشتنی نایاسایی دراوی بیانی، پێکهێنانی ژووری بازرگانیکردن بە دراوی بیانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بردنەسەر و هێنانەخواری بەهای تمەن، بازرگانیکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی و وەرگرتنی نایاسایی دۆلاری تەرخانکراو بۆ گەشتکردن لە بانکی ناوەندیی ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە تووندترین شێوە بەرەنگاری ئەو کەسانە دەبێتەوە کە بازاڕی دراوی ئەو وڵاتە تێکدەدەن و کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوە و دابەزینی بەهای تمەن دادەنێن.
لە یەک هەفتەی رابردوودا بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی و هەر دۆلارێک بە 56 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا.