دوو گرووپی مافی مرۆڤ: ئێران پار 834 کەسی لەسێدارەداوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو گرووپی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، پار ئێران 834 کەسی لەسێدارەداوە کە لە 2015ـەوە ئەوە زۆرترین ژمارەیە لە یەک ساڵدا لەو وڵاتە لەسێدارە درابن.
ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بەراورد بە ساڵی 2022، 43٪ زیادیکردووە.
گرووپی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە و رێکخراوی (پێکەوە دژی سزای مەرگ) لە راپۆرتێکی هاوبەشدا باس لەوە دەکەن، ئەمە تەنیا دووەم جارە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران 800 کەس لە ساڵێکدا تێبپەڕێنێت، دوای ئەوەی کە 972 کەس لە ساڵی 2015 لەسێدارەدران.
ئەو دوو رێکخراوە ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی سزای مەرگ بەکاردێنێت بۆ ئەوەی ترس لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاوبکاتەوە دوای ئەوەی کە لە ئەیلوولی ساڵی 2022 خۆپێشاندانی گەورە دژی مەرگی گوماناویی کچە کوردی شاری سەقز، ژینا ئەمینی دروستبوون.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە راپۆرتەکەدا دەڵێت: "بڵاوکردنەوەی ترس تاکە رێگەی چنگگرتنی رژێمە بە دەسەڵاتەوە و سزای مەرگ گرنگترین ئامرازییەتی."
بە گوێرەی دوو رێکخراوەکە، تاوەکو ئێستا بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022، ئێران 9 پیاوی لەسێدارەداوە، دووانیان لە 2022، شەشیان لە 2023 و یەکێکیان ئەم ساڵ.
بەڵام لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی دیکەش زیادیکردووە، لەوانەش ئەوانەی دۆسیەکانیان پەیوەندیی بە بەقاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکانەوە هەیە.
راپۆرتەکە دەڵێت: "ئەوەی کە بە دیاریکراوی جێگەی نیگەرانییە، زیادبوونی گەورەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە لەسەر مادەی هۆشبەر لە ساڵی 2023، لەسێدارەدراون کە گەیشتە 471 کەس، واتە 18 جار زیاتر لەو ژمارەیەی لە ساڵی 2020 تۆمار کرابوو."
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەندامانی پێکهاتە کەمینەییەکان، بە دیاریکراویش بەلووچە سوننییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، "ژمارەیان یەکجار گەورەیە لەنێو ئەوانەی لەسێدارەدەدرێن" کە دۆسییەکانیان پەیوەندیی بە ماددەی هۆشبەرەوە هەیە.
لانیکەم 167 بەلووچی پار لەسێدارەدراون، کە دەکاتە 20٪ی لەسێدارەدراوانی ئەو ساڵە، وێڕای ئەوەی بەلووچییەکان تەنیا 20٪ی دانیشتووانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدێنن.