ئێران لە پێنج مانگدا بایی 110 ملیۆن دۆلار فستقی هەناردە کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی هەرەوەزی گوندەکانی ئێران دەڵێت، لە پێنج مانگی رابردوودا نزیکەی 16 هەزار تۆن فستق بە بەهای نزیکەی 110 ملیۆن دۆلار هەناردەی 44 وڵات کراوە.
 
ئەمرۆ دووشەممە، 4-9-2023، سەید رووحوڵڵا لەتیفی، بەرپرسی فەرمانگەی گشتیی لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و بازرگانی دەرەکیی رێکخراوی ناوەندی هەرەوەزی گوندەکانی ئێران رایگەیاند، لە مانگی ئادارەوە تا کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، 15 هەزار و 981 تۆن فستق بە بەهای 109 ملیۆن و 714 هەزار دۆلار لە ئێرانەوە هەناردە کراوە.
 
سەید رووحوڵڵا لەتیفی گوتی، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، هەناردەی فستقی ئەو وڵاتە لە بەرهەمدا 6% و لە نرخدا 1%  دابەزیوە.
 
گوتیشی، بەرهەمی فستقی ئێران ئەمساڵ هەناردەی 44 وڵات کراوە، کە زیاترین رێژەی هەناردەی رووسیا کراوە کە 23٪ کۆی گشتیی هەناردەکردنی بەرهەمەکە پێکدەهێنێت و 3 هەزار و 733 تۆن بە بەهایی 25 ملیۆن دۆلارە.
 
بەپێی بەرپرسەکەی رێکخراوی هەرەوەزی گوندەکانی ئێران، دوای رووسیا، زۆرترین فستقی ئێرانی هەناردەی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیمارات، قیرگیستان و چین کراوە کە بەمشێوەیە بووە: ئەڵمانیا بە بەهای 11.2 ملیۆن دۆلار، ئیمارات 11 ملیۆن دۆلار، قیرگیزستان 8.5 ملیۆن دۆلار و چین 7.5 ملیۆن دۆلار.
 
سەید رووحوڵڵا لەتیفی رایگەیاند، بەشێک لە هەناردەی فستقی ئێرانی بۆ عێراق بووە و لەم رووەوە عێراق لە دوای هیندستان بە پلەی حەوتەم دێت.