وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران 12 پەیڕەوی ئایینی بەهایی دەستبەسەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت، لە باکووری وڵات 12 کەس لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی دەستبەسەر کردووە و تۆمەتباری کردوون بەوەی "سیخوڕییان بۆ ئیسرائیل" کردووە؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش 2 کەس دەستبەسەرکران.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ئیدارەی ئیتڵاعاتی پارێزگای مازندەران، ئەو 12 پەیڕەوەی ئایینی بەهایی لە شارە جیاوازەکانی باکووری ئێران گیراون و دەڵێت، دوو کەسی دیاریان لە ئیسرائیل راهێنانیان پێکراوە.
 
وەزارەتی ئیتڵاعات ئەو 12 کەسەی تۆمەتبار کردووە بەوەی وەک گرووپێکی رێکخراو کاریان کردووە، پەیوەندیی نهێنییان هەبووە و بە شێوەیەکی بەمەبەست سوودیان لە راگەیاندنی بیانی وەرگرتووە.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران ئایینیی بەهایی بە فەرمی ناناسێ و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیشەوە گوشاریان لەسەر هەبووە؛ ئەوان رێگەیان پێنادرێ لە ئاستە بەرزەکانی خوێندندا بخوێنن و بەرپرسیارێتیی باڵایشیان پێنادرێت. بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە دادگاییکردن و بێبەشکردنیان لە پۆستەکان لەسەر بنچینەی بەهاییبوونیان بێت. 
 
هەروەها لە رۆژانی رابردووشدا دوو هاونیشتمانی لە پارێزگای سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 
بەپێی هەواڵی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەشکان جەمشیدی، خوێندکاری بەشی ئەندازیاری لە کۆلیژی یەزدان پەنا لە سنە هەفتەیەک لەومەبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراوەتەوە.
 
هەروەها رۆژی هەینیش، هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی گوندی سەرهویەیان بە ناوی مادیح مورادییان دەستبەسەر کردووە. هیچ کام لەو دوو هاونیشتمانییە بەهایی نین.