ئێران گەشتکردن لە 11 ئەفسەر و بەرپرسی پۆلیسی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سزایان خستووەتە سەر 11 ئەفسەر و بەرپرسی پۆلیسی ئەمریکا، بەهۆی ئەوەی لە سەرکوتکردنی "خۆپێشاندانی ئاشتیانەی" خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکانی ئەو وڵاتە بۆ پشتگیریکردن لە خەڵکی فەلەستین رۆڵیان هەبووە.
 
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و کردەوەی سەرکێشانه و تیرۆریستییەکانی ئەمریکا له ناوچەکە" و به تایبەت به پشتبەستن به مادەی پێنجەمی یاساکە، ئەو بریارەیان داوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا تۆمەتبارن بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی ئاشتییانەی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ لە ئەمریکا، کە بۆ پشتیوانی لە نەتەوە ستەملێکراوەکەی فەلەستین لە دژی تاوانەکانی رژێمی زایۆنی لە غەززە هەڵوێستیان نواندووە."
 
بریارەکە، "قەدەخەکردنی پێدانی ڤیزە بۆ ئەو کەسانە و رێگەنەدان بە چوونە ناو خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکانیان لە سیستەمی دارایی و بانکیی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانیان لە خاکی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەگرێتەوە. 
 
ناوی ئەو بەرپرسانەی پۆلیسی ئەمریکا کە لەلایەن ئێرانەوە سزادراون، بەو شێوەیەیە:
 
1- ویلیام (بیلی) هیچنز، بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاسایشی گشتیی ویلایەتی جۆرجیا
2- ئێدی گریر، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی ویلایەتی جۆرجیا
3- لیندا جێی ستامپ کورنیک، بەڕێوەبەری پۆلیسی زانکۆی فلۆریدا
4- پامێلا سمیس، بەڕێوەبەری پۆلیسی واشینتن دی سی
5- جێفری کارۆل، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتن دی سی بۆ کاروباری جێبەجێکردن
6- کارل جاکوبسن، بەڕێوەبەری پۆلیسی نیوهاون
7- شێین ستریپی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی زانکۆی تەکساس
8- مایکل کاکس، بەڕیوەبەری پۆلیسی بۆستۆن
9- سکات دانینگ، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوەندیی زانکۆی ئیندیانا
10- مایکڵ تامپسۆن، بەڕێوەبەری پۆلیسی زانکۆی ئاریزۆنا
11- جان بروکی، بەڕێوەبەری پۆلیسی زانکۆی لانگبیچی کالیفورنیا
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، هەموو دامودەزگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایانە دەگرنەبەر.