داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکانی ئێران راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکانی دوێنێی ئێران راگەیاند کە بوونە هۆی کوژرانی 84 کەس و برینداربوونی 284ی دیکە.
 
رێکخراوە پەڕگیرەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تێلیگرامی خۆیەوە رایگەیاند، تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لە لایەن دوو خۆکوژەوە کراون.
 
تەقینەوەکان رۆژی چوارشەممە لە پارێزگەی کرمانی باشووری ئێران روویاندا لەکاتێکدا کە خەڵکێکی زۆر بۆ یادکردنەوەی چوارساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیک گۆڕەکەی لە گۆڕستانی شەهیدانی کرمان کۆببوونەوە.
 
پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوەوە بڵاویکردەوە، دیمەنی کامێرای چاودێریی شوێنی یادکردنەوەکە بە روونی پێشانیدەدات کە پیاوێک خۆی دەتەقێنێتەوە. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "رەنگە" تەقینەوەی دووەمیش لە لایەن خۆکوژێکەوە کرابێت، وێڕای ئەوەی نەیانتوانیبوو بە تەواوی پشتڕاستیبکەنەوە.
 
بە گوتەی بەرپرسە ئێرانییەکە، یەکێک لە تەقینەوەکان لە دووریی 1.5 کیلۆمەتر و ئەوەی دیکە لە دووریی 2.7 کیلۆمەتر لە گۆڕی سولەیمانییەوە روویانداوە.
 
سەرەتا راگەیێندرا کە 103 کەس کوژراون، بەڵام دوای دوو جار ژمارەکە پێداچوونەوەی بۆ کرا و کەمکرایەوە، دوای ئەوەی کە بەرپرسانی ئێرانی زانییان ناوی ژمارەیەک بریندار بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە لە لیستی کوژراواندا هەژمارکراوە. 
 
 
ژمارەیەکی زۆری برینداران لە دۆخێکی سەختدان. 
 
کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بۆ بەرزڕاگرتنی چوارەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی بوو، کە 3ی کانوونی دووەمی 2020، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا کوژرا. تەقینەوەکان لە ساتێکدا روویاندا کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە درێژایی رێگەیەک کۆببوونەوە. 
 
داعش و رێکخراوە پەڕگیرەکانی دیکە پێشتر چەندین جار هێرشی گەورەیان لە ئێران ئەنجامداوە کە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل.