لە رۆژهەڵاتی کوردستان 129 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەربژێر دەکەن
رووداو - هەولێر
بڕیارە کۆتایی مانگی شووباتی 2020 لە ئێران هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش 129 کەس لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناویان بۆ بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئێران تۆمارکردووە.
لە رۆژی یەکەمی ناوتۆمارکردنی بەربژێرەکاندا، کە رۆژی یەکشەممە 1-12-2019 دەستیپێکرد، لە پارێزگای کرماشان 44 کەس، لە پارێزگای ورمێ 33 کەس، لە پارێزگای لوڕستان 25 کەس، لە پارێزگای سنە 18 کەس و لە پارێزگای ئیلامیش نۆ کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
پرۆسەی ناوتۆمارکردن تاوەکو رۆژی 7-12-2019 بەردەوام دەبێت. لە رۆژی یەکەمی ناوتۆمارکردنیشدا لە هەموو ئێران 789 کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
جەمال عارف، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت حەوت هەزار کەس لە هەموو ئێران خۆیان بۆ بەربژێربوون تۆماربکەن.
بڕیارە رۆژی 21ـی شووباتی 2020 لە ئێران هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی 290 ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەکۆی 290 کورسیی پەرلەمانی ئێرانیش، پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان 38 کورسییان بەردەکەوێت.