حکومەتی ئێران ناوەندی بەدواداچوونی کۆچکردن دادەخات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران ناوەندی بەدواداچوونی کۆچکردن لەو وڵاتە دادەخات و بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەڵێت، حکومەت لە جێگەی پلاندانان بۆ پێشگرتن لە کۆچکردنی خەڵک، باڵەخانە لەو ناوەندە وەردەگرێتەوە.
 
بەهرام سەلەواتی، بەڕێوەبەری ناوەندی بەدواداچوونی کۆچکردن لە ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، حکومەت بڕیاریداوە باڵەخانەی ناوەندی بەدواداچوونی کۆچکردن چۆڵ بکەن. دەشڵێت، کاتێک هیچ پلانێک بۆ هێزی مرۆیی نییە، ئەنجامەکەی دەبێتە ئەوەی بڕیار بدەن باڵەخانەی ناوەندی بەدواداچوونی کۆچکردن چۆڵ بکەن.
 
ناوەندی بەدواداچوونی کۆچکردن لە ئێران ساڵی 2018 لە ژێر چاودێریی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی شەریفی تاران و بە هاوکاریی جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری زانستی و تەکنۆلۆژیا دامەزراوە بە ئامانجی خستنەڕووی زانیاری و شرۆڤەی متمانەپێکراو لەبارەی کۆچکردنی خەڵک لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیکە.
 
ئەو ناوەندە تاوەکو ئێستا چەندین راپۆرت و ئەنجامی راپرسی لەبارەی کۆچکردن لەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە. لە دوایین راپرسیدا رایگەیاند، 60٪ـی خەڵکی ئێران خواستی کۆچکردنیان هەیە. پێشتریش رایگەیاندبوو، 73٪ـی پزیشک و پەرستارانی ئێران دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن.