لە ئێران 14 ئەفغانستانی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارێک و دروستبوونی لافاو لە پارێزگای کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، 15 کەس گیانیان لەدەستدا، دوو کەسیش رزگارکران.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024) ئەحمەد بولەندنەزەر، قایمقامی شاری جیروفتـی سەر بە پارێزگای کرمان رایگەیاند "ئێوارەی دووشەممە بەهۆی بارینی باران و بەرزبوونەوەی ئاوی رووباری هەلیل روود، لافاو دروست بوو، 15 کەس بێسەروشوێن بوون، تەرمی 13 کەسیان تائێستا دۆزراونەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی ئەفغانستانن، دوو کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن."
ئەحمەد بولەندنەزەر گوتی، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی دوو کەسی دیکە کە ئەفغانین و دایکێک و کچێکن، بەردەوامن.
بە گوتەی قایمقامی شاری جیروفت، "ئەو ئەفغانستانییانە بە خێزانی لە نێو باخێکی ناوچەکەدا دەمێننەوە و کار دەکەن، دوێنێ منداڵەکانیان بۆ مەلەکردن چوونەتە نێو رووبارەکە."
رەزا فەلاح، بەڕێوبەری مانگی سووری کرمان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دوو تەرمی دیکەی قوربانیانی لافاوەکە دۆزرانەوە و بەم شێوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی تائێستا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 15 کەس.
بە گوتەی فەلاح، 14 کەس لە قوربانییانی لافاوەکە ئەفغانین و یەکێکیشیان ئێرانییە. گوتیشی، 64 کەس لە تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور لە پرۆسەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووانی لافاوەکە و دەرهێنانی تەرمەکاندا بەشدار بوون.