ئاکشەنەر بۆ ئەردۆغان: یاسای سۆشیاڵ میدیا دەربکرێت، دەبێت سەرەتا خۆت دەستگیر بکەیت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێت، لە پەرلەمانی تورکیادا یاسای سۆشیاڵ میدیا دەربکرێت، بەگوێرەی یاساکە سەرەتا دەبێت ئەردۆغان خۆی دەستگیر بکات. 
 
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی حوزەیرانی 2022 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەو پێشنیازەی ئاکپارتی و مەهەپە کرد، کە بەهاوبەشی لەبارەی "بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لە سۆشیاڵ میدیا" دا ئامادەیان کردووە. 
 
ئاکشەنەر لەو بابەتەدا رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی گرت و رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو یاسایە سەرەتا دەبێت ئەردۆغان خۆی دەستگیر بکات.
 
ئاکشەنەر بە تەنزەوە گوتی: "بۆ نموونە بە درۆی 'لە مزگەوتدا خواردیانەوە' کێ بوو خەڵکی وروژاند، بەڕێز ئەردۆغان؟ کەواتە بەپێی ئەم یاسایە دەبێت سەرەتا خۆت دەستگیر بکەیت".
 
پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە بە هاوبەشی پێشنیازێکیان لەبارەی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە سۆشیاڵ میدیا" دا ئامادە کردووە و خراوەتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە. 
 
لە پێشنیازەکەی ئاکپارتی و مەهەپە دا، "بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانە بۆ رای گشتی" بە تاوان هەژمار کراوە و دەتوانرێت کەسێک کە زانیاری راستی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبکاتەوە، ساڵێک بۆ سێ ساڵ بخرێتە زیندانەوە.