ئەمریکا بۆ رووداو: ئەوەی بیر لەوە دەکاتەوە بچێتە جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە، با نەیکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک بیر لەوە دەکاتەوە بچێتە نێو جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە، "با نەیکات." دەشڵێت، هێرشەکانی سەریان پەیوەندی بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە نییە.
لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا، رووداو لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا پرسیاری لە ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد. ئەو لە وەڵامدا گوتی، "من تەنیا دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە سیاسەتی ئێمە چی بووە و چییە، ئەوەش بریتییە لەوەی هەر کەسێک بیر لەوە بکاتەوە بچێتە نێو ئەو جەنگەوە، پێویستە ئەو کارە نەکات."
رووداو پرسی، ئەی هیچ هێڵێکی سوورتان بۆ هێزەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێرانەوە هەیە، چونکە ئەوان بە نزیکەیی رۆژانە هێرشتان دەکەنە سەر؟ لە وەڵامدا ماتیۆ میلەر رایگەیاند، "روونمان کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان مافی ئەوەی هەیە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی و سەرباز و کارمەندەکانی بکات و بە دڵنیاییەوە پارێزگاریشیان لێدەکات." هەروەها لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشەکان و دانانی هێڵی سوور گوتی، "وەزیر ئۆستن روونیکردەوە کە وەڵام دەدەنەوە،" ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوەش بدەن، ئەوا کات و شوێنی وەڵامدانەوەکە دیاری دەکەن.
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە کە 14یان بۆسەر هێزەکانیان بووە لە عێراق و نۆیان لە سووریا بووە. ئەمریکاش هێزەکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدەری ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات. هەروەها لە هەفتەی رابردوودا لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا کردە ئامانج کە پێنتاگۆن رایگەیاندووە، سەر بە ئێران بوون.
ئەمریکا دەڵێت، هێرشی سەر هێزەکانیان جیایە لەو جەنگەی ئێستا لەنێوان ئیسرائیل و حەماس روودەدات، بەڵام ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەنجامی "سیاسەتی هەڵەی ئەمریکایە" لەنێویاندا پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا هەر پاساوێک بۆ هێرشەکانیان دەهێننەوە، دەتوانن بیهێننەوە، "بەڵام ئێمە بە روونی گوتوومانە ئەو هێرشەی کردمانە سەر ئەو گرووپانە بەجیا کردوومانە و پەیوەندی بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە نییە."
ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەن و نزیکەی 900 سەربازیشی لە سووریا جێگیرکردوون کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کاردەکەن بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و لەنێوبردنی رێکخراوەکە.
بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا، وەکو پێنتاگۆن دەڵێت، 21 سەربازیان بە سووکی برینداربوون. هەروەها بەڵێندەرێک لەکاتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە بە هەڵە بەهۆی کێشەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: زۆر سوپاس مات. دەگەڕێمەوە سەر پرسیاری هێرشی حوسییەکان. ئەمڕۆ و چەند کاتێکی دیکەش، تەنانەت سەرۆکیش گوتوویەتی ئەو هێرشانە مەکەن، بەڵام دەبینن ئەوان هێرشەکانیان دەکەن. ئێوە ئەمە وەک بەشداریان لەم شەڕەدا دەبینن یان نا؟
ماتیو میلەر: من لێرەوە هیچ هەڵسەنگاندنێک لەو بارەوە ناکەم، بەڵام ئیسرائیل دەتوانێت خۆی لەبارەی ئەو هێرشانە بۆسەریان قسە بکات. من تەنیا دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە سیاسەتی ئێمە چی بووە و چییە، کە بریتییە لەوەی هەر کەسێک بیرلەوە بکاتەوە بچێتە نێو ئەو جەنگەوە، پێویستە ئەو کارە نەکات.
رووداو: ئەی هیچ هێڵێکی سوورتان بۆ هێزەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێرانەوە هەیە، چونکە ئەوان بە نزیکەیی رۆژانە هێرشتان دەکەنە سەر؟
ماتیو میلەر: روونمان کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان مافی ئەوەی هەیە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی و سەرباز و کارمەندەکانی بکات و بە دڵنیاییەوە پارێزگاریشیان لێدەکات، بەڵام سەیرم پێ دێت کاتێک چاوەڕوانی ئەوەم لێ دەکرێت لێرەوە بەئامانجکردن رابگەیێنم پێش ئەوەی رووبدات یان باسی ئەو شتانە بکەم کە دەکرێت رووبدەن. وەزیر ئۆستنیش لە کاپیتۆڵ هیڵ هەمان شتی ئاراستە کرا. وەزیر ئۆستن روونیکردەوە کە وەڵام دەدەنەوە. ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، ئەوا کات و شوێنی وەڵامدانەوەکە لەبەر چەند هۆکارێک ناڵێین و هیچ شتێک لە وەزارەتی دەرەوە نادرکێنین لەبارەی هەر کارێک کە دەکرێت بیکەین.
رووداو: دوایین پرسیار؛ ئێوە دەڵێن، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئێوە لەلایەن گرووپە پشتیوانلێکراوەکانی ئێرانەوە جیاوازن لەو جەنگەی لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەیە. بۆچی ئێوە پێتان وایە بەم شێوەیەیە، چونکە ئەو گرووپانە دەڵێن، بەهۆی بەشداری ئەمریکا لە جەنگی حەماس و ئیسرائیل، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا؟
ماتیو میلەر: ئەوان دەتوانن هەر شتێك بڵێن کە خۆیان دەیانەوێ بیڵێن و بۆچی ئەو کارانە دەکەن. ئێمە روومانمان کردووەتەوە کە وەڵامدانەوەکانی ئێـمە جیاوازە لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس.