ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر دەوروبەری نەخۆشخانەی قودس لە غەززە
رووداو دیجیتاڵ
مانگی سووری فەلەستینی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک شوێنی زۆر نزیک لە نەخۆشخانەی قودس لە باکووری کەرتی غەززەی بۆردوومان کردووە، کە هەزاران ئاوارەی سڤیل بۆ خۆپاراستن لە بۆردوومانی ئیسرائیل پەنایان بۆ بردووە.
رێکخراوەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "تۆپباران و بۆردوومان بەردەوامە بۆ سەر ناوچەی تەل هەوا لە غەززە، کە نەخۆشخانەی قودسی لێیە."
رێکخراوەکە هەروەها دەڵێت، "نەخۆشخانەکە دەلەرزێت و خەڵکی سڤیلی ئاوارە و ستافی نەخۆشخانەکە هەست بە ترس و تۆقان دەکەن."
پێشتریش مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاندبوو، هەمان ناوچە ئێوارەی یەکشەممە رووبەڕووی بۆردوومان بووەتەوە.
بەشار موراد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رۆژی یەکشەممە گوتی، "ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی داگیرکارەوە هەڕەشەی تووندمان پێگەیشت کە دەبێت دەستبەجێ نەخۆشخانەی قودس چۆڵ بکەین، چونکە بۆردوومان دەکرێت."
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی، ئەو هەڕەشانەی ئیسرائیل مایەی "نیگەرانیی گەورەن" و جەختیکردەوە، ئەستەمە نەخۆشخانەکە چۆڵ بکرێت بەبێ ئەوەی ژیانی نەخۆشەکان بکەوێتە مەترسییەوە.
ئەدهانۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دووپاتی دەکەینەوە کە ئەستەمە نەخۆشخانە پڕەکان چۆڵ بکرێن بەبێ ئەوەی ژیانی نەخۆشەکان بخرێتە مەترسیییەوە."
بەگوێرەی مانگی سووری نێودەوڵەتی، جگە لە نەخۆشخانەکان، 14 هەزار ئاوارە کە لە بۆردوومانی ئیسرائیل رایانکردووە، لە نەخۆشخانەکەدا دەمێننەوە.
ئیسرائیل حەماس تۆمەتباردەکات بەوەی کە نەخۆشخانەکان بۆ شاردنەوەی چەک و چەکدارەکانی بەکاردێنێت، بەڵام بزووتنەوە فەلەستینییەکە ئەوە رەتدەکاتەوە.