عەرەبە موسڵمانەکانی نێو سوپای ئیسرائیل کێن؟
رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی ئەفسەرێکی سوپای ئیسرائیل بە ناوی ئەحمەد ئەبو لەتیف لەگەڵ 20 سەرباز و ئەفسەری دیکە لە کەرتی غەززە، دووبارە تیشکی خستەوە سەر رۆڵی عەرەبە کۆچەرییەکانی نێو سوپای ئیسرائیل و ئەو پرسیارەی دروستکردەوە، کە عەرەبی موسڵمان لەنێو سوپای ئیسرائیلدا چی دەکەن و رۆڵیان چییە؟
لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەفسەرەکە، ئەوەی چاوەڕوان ناکرێت، کەوتە بەرچاو؛ تابووتی ئەفسەرە عەرەبەکە وەک هەر سەربازێکی کوژراوی ئیسرائیلی، بە ئاڵای ئیسرائیل داپۆشرا، لە پێش کۆمەڵێک پیاو و گەنج و منداڵ دانرا، هەموویان عەرەب و موسڵمان بوون. پیاوێکی بەتەمەنی ریشسپیی ریشدرێژیی سمێڵ کورت، بە کۆفیەی سووری عەرەبیەوە، بووە پێشنوێژ و نوێژی ئیسلامییان لەسەر تەرمەکە کرد و دواتر دەستیان بەرزکردەوە و نزای لێخۆشبوونیان بۆ کرد.
ئەفسەرەکە تەمەنی 26 ساڵ و خەڵکی بیابانی نەقەبی باشووری ئیسرائیل بوو. لە یەکەی پشکنین کە لە عەرەبە کۆچەرەکان (بەدەوییەکان) پێکدێت، خزمەتی سوپای ئیسرائیلی دەکرد.
ئەو عەرەبانە کێن و چۆن شوێنیان لەنێو سوپای ئیسرائیلدا کرایەوە؟
عەرەبە کۆچەرییەکان یاخود بەدەوییەکان موسڵمانن. بە زۆری لە بیابانی نەقەبی باشووری ئیسرائیل دەژین. لە کۆنەوە خەریکی شوانکاری و ئاژەڵداری بوون و هیچ پابەندبوونێکی ئەوتۆی نیشتمانییان بۆ هیچ لایەنێک نییە. تاوەکو 150 ساڵ لەمەوبەریش ژیانیان بریتیبوو لە رێکردن لە سعودیەوە بۆ بیابانی سینا و لە سیانەوە بۆ سعودیە بۆ ئەوەی لەوەڕ بۆ مەڕوماڵاتیان بدۆزنەوە.
لە چەند دەیەی کۆتایی تەمەنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، عەرەبە کۆچەرییەکان بەرەبەرە ژیانیان جێگیرتر بوو. پێش دامەزراندنی ئیسرائیل، جووە هاوردەکان پەنایان بردە بەر عەرەبە کۆچەرییەکان بۆ ئەوەی موڵک و ماڵ و کۆمەڵگەکانیان لەنێو فەلەستیندا بپارێزن. ئەو کات هێشتا ئیسرائیل لەدایک نەببوو و ئەوەی هەبوو، هەمووی فەلەستین بوو.
لە ماوەی جەنگی ساڵانی 1948 و 1949 لەنێوان ئیسرائیلییەکان و وڵاتانی عەرەبیدا، بەشێکی زۆری عەرەبە کۆچەرییەکان چوونە بەرەی ئیسرائیلییەکان، زانیاریی سیخوڕیی گرنگیان کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی بە گرووپە چەکدارە ئیسرائیلییەکان و سوپا ئیسرائیلی بدەن کە تازە سوپاکە دامەزرێنرابوو. بەشێکیشیان وەک سەرباز لە ریزی ئیسرائیلییەکان وەستان و لوللەی تفەنگەکانیان کردە سوپا عەرەبییەکان.
لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری عەرەبە کۆچەرییەکانی بە هاووڵاتیی ئیسرائیلی هەژمارکردن و لە بیابانی نەقەب شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دابینکردن. ئیدی لەو کاتەوە، ژمارەیەکی زۆری ئەو عەرەبە کۆچەرییانە و نەوەکانیان لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیلدا مانەوە، بە تایبەتیش لەنێو ئەو هێزانەی کە تایبەتن بە پاسەوانیکردن، پشکنین و کێوماڵکردن.
لە ساڵی 1970، یەکەیەکی تایبەت بۆ ئەو عەرەبە کۆچەرییانە لەژێر فەرماندەیی باشووری سوپای ئیسرائیلدا پێکهێنرا، دواتر چەند یەکەی دیکەی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکە دروستکران.
لە ساڵی 1986، "یەکەی پشکنینی بیابان" پێکهێنرا و لە نزیک کەرتی غەززە جێگیرکرا.
لە ساڵی 1993، ئیسرائیل مۆنیۆمێنتێکی لەسەر گردێکی شاری خەلیل دروستکرد کە ناوی 154 سەربازی عەرەبی کۆچەری لەسەرە، لە کاتی شەڕکردن بۆ ئیسرائیل کوژرابوون. مۆنۆمێنتەکە بە ناوی "باخچەی دڵشکاو"ـە و تایبەتە بە یادکردنەوەی ئەو سەربازە عەرەبانەی کە بێسەروشوێن بوون و گۆڕەکانیان ونن.
ئایا عەرەبە کۆچەرییەکان ناچارن بچنە نێو سوپای ئیسرائیل؟
نەخێر. خزمەتی سەربازیی ناچاری، تەنیا جووەکان دەگرێتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری گەنجانی عەرەبی کۆچەر بە ویستی خۆیان دەچنە نێو سوپای ئیسرائیل. بەشی هەرە زۆریان ئەوانەن کە باوباپیرانیان هەمان رێچکەیان گرتبووەبەر.
ساڵی 2021، 600 عەرەبی کۆچەر خۆیان لەنێو سوپاکەدا ناونووسکرد، کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو بەراورد بە ساڵانی پێشتر. ساڵی 2014، سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکی فەیسبووکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ساڵانە نزیکەی 450 پیاوی عەرەبی کۆچەر بە ویستی خۆیان دێنە ریزەکانی سوپا."
عەرەبە کۆچەرییەکان تا چ رادەیەک ئاوێتەی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی بوون؟
ئەو عەرەبە کۆچەرییانەی لەنێو یەکەی پشکنینی بیاباندان، بەشێکیان لە باکووری ئیسرائیل لەنێو جووەکاندا دەژین. لە ساڵی 1950ـەوە، پێکەوە لەنێو کۆمەڵگە عەرەب و جووەکانیشدا ژیاون.