ئەمریکا چاودێری جێبەجێکردنی ئاگربەستی لوبنان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا گەیشتە لوبنان.
رۆژی شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "جەنەراڵ جاسپەر جێفەر، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا گەیشتە بەیرووت".
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، جاسپەر لەگەڵ ئیمس هۆکستاین، نێردەی ئەمریکا بەیەکەوە چاودێری جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی لوبنان دەکەن.
تیمی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئاگربەست کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات لە نوێنەرانی سوپای لوبنان، سوپای ئیسرائیل، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان و فەرەنسا پێکدێت.
سێنتکۆم لەبارەی کاری تیمەکەی دەڵێت، "گرووپەکە یارمەتی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات".
کاژێر 23:30ـی رۆژی (سێشەممە 26-11-2024)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلی راگەیاند.
راگەیاندنی ئاگربەستەکە دوای ئەوە هات، ئەو شەوە کابینەی جەنگی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە و ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی قبووڵکرد کە چەندین هەفتە بوو ئەمریکا کاری لەسەر دەکرد.
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 60 رۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار بۆ بە هەمیشەییکردنی دەکرێت.
دەبێت سوپای ئیسرائیل لەو ماوەیەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەنێو لوبنان نەکات؛ لە باشووری لوبنان بکشێتەوە؛ 5000 سەربازی سوپای لوبنان شوێنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە بگرنەوە.
دەبێت هەردوولا دان بە پڕۆژە بڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێن کە داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات.
بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە وەک پێویست نییە و سوپای ئیسرائیل چەندینجار هەندێک پێگەی لەنێو لوبنان بۆردوومانکردوون.