رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە فڕۆکەیەک لە ئیسرائیلەوە دەگاتە فڕۆکەخانەیەکی کۆماری داغستانی رووسیا، کۆمەڵێک کەس چوونە سەر فڕۆکەخانەکە و دەستیانکرد بە گەڕان بە دوای ئیسرائیلییەکاندا.
ئەو کارە لە کۆمارە زۆرینە موسڵمانەکە، هاوکاتە لەگەڵ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، وایکرد ئیسرائیل داوا لە رووسیا بکات ئیسرائیلییەکان بپارێزێت.
حاکمی کۆماری داغستان رایگەیاند، ئەوانەی هەڵیانکوتاوەتە سەر فڕۆکەخانەکە بۆ ئەوەی بە دوای جوو و ئیسرائیلییەکاندا بگەڕێن، سزادەدرێن.
دەیان خۆپێشاندەر رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023، بە گوتنەوەی "الله أکبر" چوونە نێو فڕۆکەخانەی مەخاچکالا.
رۆساڤیاتسیا، ئاژانسی فڕۆکەوانیی رووسیا ماوەیەکی کەم دوای ئەو رووداوە رایگەیاند، فرۆکەخانەکەی داخستووە، هێزی ئەمنی تێیدا بڵاوەپێکراوە و "دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە."
حکومەتی خۆجێیی داغستانیش رایگەیاند، نۆ پۆلیس لە رووداوەکەدا برینداربوون و 60 کەس دەستگیرکراون.
درەنگانی شەوی یەکشەممە، رۆساڤیاتسیا بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانەکە لە خەڵکە ناڕازییەکە بەتاڵکراوە، بەڵام تاوەکو 6ـی تشرینی دووەم بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ژمارەیەک کەناڵی تەلەگرام وێنە و ڤیدیۆی خەڵکەکەیان بڵاوکردەوە کە لە بەردەم فڕۆکەخانەکە وەستاون و چاوەڕێی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن بۆ ئەوەی کە لە فڕۆکەخانەکە دەرچوون رایانبگرن.
یەکێک لە خۆپێشاندەران پۆستەرێکی بە دەستەوە گرتبوو کە لە سەری نووسرابوو، "منداڵکوژەکان شوێنیان لە داغستان نابێتەوە."
ڤیدیۆیەكی دیکە پێشانی دەدات کە ژمارەیەک کەس لە نێو تێرمیناڵێکی فڕۆکەخانەکەدان و هەوڵی شکاندنی دەرگەییەک دەدەن.
ئەو رووداوە لە کاتێکدا بوو، پێشتر ماڵپەڕی Flightradar بڵاویکردەوە فڕۆکەیەک لە تەل ئەڤیڤەوە رۆیشتووە و کاژێر 7:00ـی ئێوارە بەکاتی نێوخۆ (هەمان کاتی هەولێر) لە فڕۆکەخانەی مەخاچکالا دەنیشێتەوە.
میدیای رووسیا بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکەیە لە گەشتێکی ترانزێتدا بووە و بڕیاربووە دوو کاژێر دواتر بەرەو مۆسکۆ بفڕێت.
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد کاتێک کە چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل هەزار و 400 کەسیان کوشت کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
ئیسرائیل لەو کاتەوە دەستیکردووە بە بۆردوومانکردنی چڕ و بەردەوامی کەرتی غەززە؛ بەگوێرەی تەندروستیی کەرتەکە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە نزیکەی نیوەیان منداڵن.
نووسینگەی راگەیاندنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوە لە دامودەزگە رووسییەکان دەکات کە هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیل و هەموو جووەکان بپارێزن و بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دژی ئاژاوەگێڕان و دژی هاندانی تووندوتیژی بەرامبەر جوو و ئیسرائیلییەکان هەنگاو بنێن."
هاوکات ئەدریان واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس(توویتەری پێشوو) گوتی، "ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی خۆپێشاندانی دژە سامێتی لە داغستانی رووسیا دەکات. ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە تەواوی کۆمەڵگەی جوو دەکات، لە کاتێکدا دەبینین هەستی دژە سامێتی لە سەرانسەری جیهان زیادبووە."
ئەحمەد دودایێڤ، وەزیری زانیاریی چیچانی دراوسێی داغستان لە تەلەگرامەوە هۆشداریی دژی "هەراسانکاری" دا و داوای ئارامی کرد.
حکومەتی داغستانیش داوای لە خۆپێشاندەرەکان کرد "کارە نایاساییەکانییان" بووەستێنن، وێڕای ئەو توڕەییەی کە بەهۆی "رەشەکوژیی نامڕۆڤانەی خەڵکی سڤیلی فەلەستین" هەیانە.