وەزارەتی بەرگریی سووریا: ئیسرائیل دوو پێگەی بۆردوومانکردین

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو پێگەی هێزەکانیان لە پارێزگای دەرعا لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە بۆردوومانکراون.

راگەیێندراوەکەی رۆژی دووشەممەی وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، "نزیک کاژێر 01:35 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیلی دوژمن، هێرشێکی دوژمنکارانەی لە جۆلانی سوورییەوە کردە سەر دوو پێگەی هێزە چەکدارەکانمان لە گوندەواری دەرعا، کە بووە هۆی هەندێک زیانی مادی."
 
هاوکات، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاویکردەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی بەرگریی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنانەی کە شەوی رابردوو لە سووریاوە هێرشکریان لێوەکرایە سەر ئیسرائیل."
 
نیگەرانییەکان لەبارەی پەلهاویشتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە زیادبووندان. 
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا لانیکەم 20 جار هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا و عێراق کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانی پاڵپشتیکاری حەماس، بەرپرسیارێتیی خۆیانیان لێیان راگەیاندووە. 
 
هەروەها تاوەکو دێت شەڕ و پێکدادان لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل لە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل زیاد دەبن. 
 
درەنگانی شەوی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی مووشەکیدا "چەند پێگەیەکی تیرۆریستانمان لە نێو لوبناندا بۆردوومان کردووە."
 
هێرشەکانی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی بوونەتە هێرشێکی رۆژانە، لەو کاتەوەی کە جەنگەکە لە 7ـی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، کاتێک کە چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و هەزار و 400 کەسیان کوشت، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیل بوون. 
 
ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەی حەماسدا، دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چڕی کەرتی غەززە کرد. تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت، زیاتر لە هەشت هەزار کەس بەو هۆیەوە کوژراون کە نزیکەی نیوەیان منداڵن. 
 
لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، پێکدادنی سنوور بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 59 کەس لەنێو لوبنان، کە زۆربەیان چەکدارانی حیزبوڵڵا بوون و چوار کەسی سڤیلیشیان لە نێودایە، کە یەکێکیان رۆژنامەڤان بوو. 
 
هەروەها بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، چوار کەس لەنێو ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە کوژراون، کە یەکێکیان سڤیل بووە. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، نزیکەی 29 هەزار کەس لە لوبنان بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئاوارە بوون.