سوپای ئیسرائیل دەڵێت شەوی رابردوو دەیان چەکداری حەماسیان کوشتووە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، شەوی رابردوو لە شەڕ و پێکدادانی نێو کەرتی غەززەدا دەیان چەکداری حەماسیان کوشتووە.
سوپاکە دەڵێت، "سەربازەکان دەیان تیرۆریستیان کوشت کە خۆیان لەنێو باڵەخانە و توونێلەکاندا حەشاردابوو و هەوڵیاندەدا هێرشبکەنە سەر هێزەکانمان".
سوپای ئیسرائیل هەروەها باس لەوە دەکات فڕۆکەیەکی جەنگی، باڵەخانەیەکی کردووەتە ئامانج کە "زیاتر لە 20" چەکداری حەماسی تێدابووە.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا "زیاتر لە 600 پێگەی حەماس"ـیان لە کەرتی غەززە کردوونەتە ئامانج، لەنێویاندا کۆگەی چەک، شوێنی هاویشتنی مووشەکی دژەتانک و حەشارگە.
هاوکات گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین رایانگەیاند، شەوی رابردوو بەرپەرچی هێزەکانی ئیسرائیلیان داوەتەوە، دوای ئەوەی دیواری سنووری غەززەیان بڕیوە و چوونەتە نێو کەرتەکە.
گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین ئاماژە بەوە دەکەن زیانی گیانی و مادیان بە هێزەکانی ئیسرائیل گەیاندووە، بەتایبەتی لە باکووری غەززە.
کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس دەڵێت، لە دوو ئۆپەراسیۆندا دزەیانکردووەتە پشت هێڵەکانی بەرگریی ئیسرائیل و زیانیان بە تانک و زرێپۆشەکانیان گەیاندووە.
سوپای ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو ، سەربازەکانیان "رووبەڕووی" چەکدارانی حەماس بوونەتەوە دوای ئەوەی لە توونێلێکی باکووری غەززەوە هێرشیان کردووە.
بە درێژایی شەوی رابردوو بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بوو، لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل هەوڵدەدات هێرشە زەمینییەکانی فراوانتر بکات.
تەندروستیی کەرتی غەززە رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، 11 کەس لە ماڵێکی نێوەڕاستی کەرتی غەززە بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کوژران؛ هەروەها سێ کەسی دیکە لە کەمپی جیبالیا لە باکووری کەرتەکە کوژراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون گەیشتووەتە سەروو هەشت هەزار کەس، کە سێ هەزار و 342 کەسیان منداڵ، دوو هەزار و 62یان ژن و 460یان بەتەمەنن؛ هەروەها نزیکەی 20 هەزاری دیکە برینداربوون.
ئاماری کوژراوانی ئیسرائیل وەک خۆی ماوەتەوە، کە بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە هەزار و 400 کەس کوژراون و هەرە زۆریان خەڵکی سڤیلن و سەرووی 300 سەربازیان لەنێودایە، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئاماری نوێی لە بارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە کە لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون و دەڵێت، ژمارەیان 239 کەسە.