ئیسرائیل بەندەری حودەیدەی یەمەنی بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی ئەم دواییەی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردووەتە سەر چەند شوێنێکی شاری حودەیدەی یەمەن.
سوپاکە ئاماژە بەوە دەکات، چەند وێستگەیەکی کارەبا و هەندێ شوێنی نزیک بەندەری حودەیدەی کردووەتە ئامانج.
نووسینگەی راگەیاندنی حووسییەکان گوتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بەندەرەکانی حودەیدە و رەئس عیسا و دوو وێستگەی کارەبای شاری حودەیدەیان کردووەتە ئامانج.
میدیای حووسییەکان بڵاویکردەوە، 4 کەس لەو هێرشانەدا کوژراون و 33ـی دیکەش برینداربوون.
شاری حودەیدە بە ناوەندێکی سەرەکیی حووسییەکان داندەرێت.
لەدوای هێرشەکان، دووکەڵ بە ئاسمانی شاری حودەیدەوە بەرزبووەوە.
رۆژی شەممە، حووسییەکان مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی فڕۆکەخانەی بنگۆریۆنی ئیسرائیل کرد.