وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیچ کەس گومانی لە توانای ئێران بۆ وەڵامدانەوەی رژێمی زایۆنی نەبێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکدا بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان دەوەستینەوە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت ''هیچ کەس گومانی لە توانامان بۆ وەڵامدانەوەی رژێمی داگیرکەری زایۆنی هەبێت". 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30-09-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لەبارەی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و حەماس لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، ''گومانمان نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەی موقاوەمە و گەلی گەورەی فەلەستین و لوبنان، جەژنی لەنێوچوونی رژێمی زایۆنی لە قودسی پیرۆز دەکەن''. 
 
ئێوارەی هەینی 27ـی ئەیلوول، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووت و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە، عەباس نیلفرووشان، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا کوژران.
 
ناسرکەنعانی گوتی، ''بێگومان زایۆنی داگیرکەر بەو جۆرە تاوانانە سەرناکەوێت و رژێمی ئەمریکاش بە بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی تاوانەکانی رژێمی زایۆنی، هیچ دەستکەوتێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا نابێت و شکستە قورسەکانیشی بەو شێوەیە قەرەبوو ناکرێنەوە.''
 
عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران بوو. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ''دڵنیایی دەدەین کە خوێنی فەرماندەی شەهید عەباس نیلفرووشان و شەهیدەکانمان هیچ کات بەفیڕۆ ناچێت.''
 
ناسر کەنعانی جگە لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، گوتیشی، ''تاوانەکانی رژێمی زایۆنی دژی ئاشتەوایی ناوچەکە و جیهانن و دەبێ هەموو تواناکانمان بۆ وەستاندنی مەکینەی تیرۆری ئەو رژێمە بەکاربهێنین''.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوایە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەژێر کاریگەریی ئەمریکادا ناتوانن رێگری لە ''تاوان''ـەکانی ئیسرائیل بکەن، ''بۆیە دەبێ وڵاتانی ئیسلامی هەموو تواناکانیان بەتایبەتی توانای ئابووری بەکاربهێنن بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر رژێمی داگیرکەری زایۆنی.''
 
ئەمە یەکەم جار نییە کە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و ناسراو بە بەرەی موقاوەمە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکوژێن. پێشتریش ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران لە تاران بوو، لە هێرشێکدا کوژرا. 
 
ناسر کەنعانی ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای گرژییەکانەوە لە غەززە، هەنگاوی دیپلۆماسیی جۆراوجۆری بۆ پاراستنی ئاسایش، ئاشتەوایی و سەقامگیریی ناوچەکە ناوە، ئەوەش بەو واتایە نییە کە لە شەڕ دەترسن، بەڵکو "ئێمە شەڕفرۆش نین.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ''راستە ئێمە شەڕفرۆش نین، بەڵام بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە هەوڵ دەدەین و لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکیشدا بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هیچ کات دەستەوەستان نەماوینەتەوە و دەستەوەستان نامێنینەوە. کەسێک مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان، بەبێ هیچ دوودڵییەک بە تووندی وەڵامی دەدەینەوە.''
 
ناسر کەنعانی گوتیشی، ''هیچ کەس گومانی لە توانای کۆماری ئسیلامیی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی کردەوەکانی گەمژەئاسای رژێمی داگیرکەری زایۆنی نەبێت. ئێمە دروشم نادەین، بەڵکو کردەوەمان هەیە. جیهان و رژێمی زایۆنیش ئەوە دەزانن''. 
 
لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتەبێژی وەزارەتی ئێران گوتی، ''رژێمی زایۆنی دەبێ بزانێت ئەو تیرۆرانە لە مەترسیی رووخانی رزگاریان ناکات.''
 
گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل رۆژێک دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە دەستیان پێکرد. 
 
لەم چەند رۆژەی دواییدا، ئیسرائیل سەرنجی خۆی لەسەر غەززەوە گواستووەتەوە بۆ سەر لوبنان و لە دووشەممەی رابردووەوە دەیان کەسی کوشتووە و سەتان هەزار کەسیش دەربەدەر بوون.
 
کەنعانی لەبارەی ئەگەری سەردانی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران گوتی، ''رێککەوتنی ئەتۆمی بابەتێکی دیاریکراوە و پەیوەندی بە هیچ بابەتێکی دیکەوە نییە و کەشی دیپلۆماسی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان و گەڕانەوەی بەرپرسانی سەرجەم لایەنەکان بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی کراوەیە.''
 
ناسر کەنعانی ئەوەشی خستەڕوو، لەبارەی سەردانەکەی گرۆسی، دانوستاندن و گفتوگۆ لە نیویۆرک کراوە و ئەگەری هەیە سەردانەکەی لە چوارچێوەی رێککەوتنێک لە کاتی پێویستدا بکرێت.
 
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکانی سەری لاببرێن. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەردا تووندکردەوە.
 
لەو کاتەوە، ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە.