سوپای ئیسرائیل دەڵێت دەیان پێگەی حیزبوڵڵای لە لوبنان بۆردوومان کردووە


رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ریاگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشیان کردووەتە سەر دەیان پێگەی دیکەی حیزبوڵڵا لە ناوچەی بەقاعی لوبنان. 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فڕۆکەکانی "هێرشیان کردە سەر دەیان شوێنی هاویشتنی مووشەک و شوێنی دیکە کە چەکیان تێدا حەشاردرابوو لە ناوچەی بەقاع لە لوبنان."
 
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە هێرشی تووند و زیانگەیاندن بە توانا سەربازییەکان و ژێرخانی حیزبوڵڵا لە لوبنان." 
 
هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی بەیرووت، چوار کەس کوژراون. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، رۆژی یەکشەممەش لانیکەم 105 کەس بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان کوژران، 359ی دیکەش برینداربوون.  
 
گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل رۆژێک دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە دەستیان پێکرد. 
 
لەم چەند رۆژەی دواییدا، ئیسرائیل سەرنجی خۆی لەسەر غەززەوە گواستووەتەوە بۆ سەر لوبنان و لە دووشەممەی رابردووەوە دەیان کەسی کوشتووە و زیاتر لە 200 هەزار کەس دەربەدەر بوون.