جۆ بایدن: دەکرێ رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسە دەکات و پێیوایە، هێشتا دەکرێت رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێت.
پێش ئەوەی لە لە فڕۆکەخانەی دۆڤەر لە ویلایەتی دێلاوێر سەر فڕۆکەکەی بکەوێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە واشنتن، بایدن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێویستە" رێگری لە جەنگ بکرێت.
قسەکانی بایدن لە کاتێکدان کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بۆ سەر لوبنان بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس.
بایدن روونی نەکردەوە کەی قسە لەگەڵ نەتەنیاهوو دەکات.
کۆشکی سپی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بە گورزێکی گەورە بۆسەر بزووتنەوەکە دەبینێت. ئیدارەی بایدن دەڵێت، هەوڵی داوە هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات بۆ ئەوەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە غەززەوە بە ناوچەکەدا بڵاونەبێتەوە.