ئەمریکا دەڵێت ئامادەن بۆ هەر کاردانەوەیەکی حیزبوڵڵا


رووداو دیجیتاڵ

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ریزەکانی فەرماندەیی حیزبوڵڵای "سڕیوەتەوە"، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی دەبێت بۆ وەڵامی بزووتنەوەکە ئامادە بن کە دەیەوێت تۆڵەی کوژرانی ئەمیندارەکەی بکاتەوە. 

کێربی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، "پێویستە دڵنیا بین لەوەی کە ئامادەین؛ ئامادەشین. بڕوامان وایە لەڕووی هێزەوە توانای پێویستمان لە ناوچەکە هەیە، بەڵام شتەکە لەم کاتەدا روون نییە. جارێ زۆر زووە بۆ ئەوەی بزانین."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەو هێزە سەربازییەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیریان کردووە، بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و "ئیسرائیل ئەگەر پێویستی کرد."
 
کۆشکی سپی داوا لە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەکات بە ئاگربەستێکی کاتیی 21 رۆژە رازی بن کە هەفتەی رابردوو لە لایەن ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە خرایەڕوو. 
 
رۆژی هەینی ئیسرائیل بۆردوومانی بارەگای سەرەکی حیزبوڵـڵای لە باشووری لوبنان کرد و بەو هۆیەوە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵا و چەندین سەرکردە و فەرماندەی دیکەی گرووپەکەی کوشت. ئەو رووداوە ئەوەندەی دیکە دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد.