حەماس کوژرانی سەرکردەیەکی لە لوبنان راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەی لقی لوبنانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان کوژرا. 

بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: "فەتاح شەریف ئەبوو ئەمین، سەرکردەی حەماس لە لوبنان و ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ماڵەکەی لە کەمپی بوس لە باشووری لوبنان شەهید بوو."
 
حەماس دەڵێت، ئەمین لەگەڵ هاژین، کچ و کوڕەکەی لە "تیرۆرکردنە تاوانکار و تیرۆرستییەکەدا" کوژراون. 
 
کەمپی بوس دەکەوێتە نزیک شاری (سور) لە باشووری لوبنان. 
 
راگەیێندراوەکەی حەماس چەند کاژێرێکی کەم دوای ئەوە هات کە بەرەی جەماوەریی رزگاریخوازی فەلەستین، کە هاوپەیمانییەکی چەپی سێکولارە، رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، سێ لە ئەندامانی لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچەی کۆلای بەیرووت کوژراون. 
 
لەو کاتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەندین جار سەرکردەکانی حەماسی لە لوبنان کردوونەتە ئامانج. 
 
کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی سەڵاح عاروری و شەش ئەندامی دیکەی حەماسی لە باشووری بەیرووت کوشت کە ئەو ناوچەیە بە مەڵبەندی هێزی حیزبوڵڵای لوبنانی دادەنرێت. 
 
لە مانگی ئابی ئەم ساڵ، لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شاری سەیدای باشووری لوبنان، فەرماندەیەکی دیکەی حەماس بە ناوی سامر حاج کوژرا. 
 
ئەو کەمپانەی بۆ پەنابەرانی فەلەستینی لە لوبنان دروستکراون، لە بنەڕەتدا بۆ ئەوانە دروستکرابوون کە بە هۆی جەنگی ساڵی 1948 دەربەدەر ببوون. 
 
بەپێی رێککەوتن، سوپای لوبنان ناچێتە نێو ئەو کەمپانە، بەڵکو لە لایەن گرووپە فەلەستینییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێن.