نازم دەباغ: بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران نیشانەی باشیی پەیوەندییەکانی هەولێر و تارانە

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە تارانە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت، بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران گرنگیی زۆری هەیە و "نیشانەی باشیی پەیوەندییەکانی هەولێر و تارانە".
 
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان مانای ئەوە دەگەیەنێت لە پەیوەندییەکی باشدان و شایستەی ئەوەن لە پرۆتۆکۆڵی بەشداری سەرۆکی وڵاتاندا بن، پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لەبەرەوپێشچووندایە."
 
رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران لە پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت و نزیکەی 80 سەرۆکی وڵاتان بۆ رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون.
 
بەهۆی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری تازەی ئێران، ئاڵای کوردستانیش لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی دیکەدا لە هۆڵی رێوڕەسمەکەدا دانرا.
 
نازم دەباغ گوتی: "پێگەی کورد لە عێراقدا لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەی هەیەتی گرنگە بۆ بەرقەراربوونی ئەمنیەت و ئاسایش و بەردەوامبوونی حکومەتی بەغدا، کورد باڵێکی بنەڕەتی و چالاک دەبێت لە بڕیار و بەشداربوون لە ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەکە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران باسی لەوەشکرد: "ئێران دەیەوێت کورد بەشداربێت بەپێی ئەو ستراتیژەی دادەڕێژرێت بە بەشداری هەمووان، ئەم پەیوەندییانەی ئێستا سەرەتای پەیوەندییەکی پتەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا."
 
نازم دەباغ، جەختی لە پتەوی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران کردەوە و رایگەیاند: "پەیوەندیی پتەوی تاران و هەولێر لە کابینەی نوێی حکومەتی ئێران بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو سیاسەتەی هەیە سیاسەتی ئەم حکومەتە نییە ئەو ناوەندەی بڕیاری سیاسی رێکدەخاتەوە هەمیشە بەردەوام دەبێت و تەنیا کەسەکان دەگۆڕێن."
 
بەپێی دەستووری ئێران، دوای پێدانی بەڵگەی دەستبەکاربوونی لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆمار بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگەی باڵا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی دیکەی نیشتمانی و سەربازی، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 28-07-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە رێوڕەسمی واژۆکردنی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتارێکی پێشکێشکرد و، رایگەیاند: ''هەموو ئەو کەسانەی دەنگیان بە من و بەربژێرانی رکابەرم دا، یان بەهۆی رەخنە و گلەییەوە بەشداریی هەڵبژاردن نەبوون، چاوەڕێی گۆڕانکاری لە من و حکومەتی داهاتوو دەکەن و لە ئەمڕۆوە کاتی وەڵامدانەوەیان دەستپێدەکات.''