حەماس وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستێکی 40 رۆژە ئامادە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حەماس سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بۆ پێشنیازێکی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست، کە خۆی لە وەستاندنی جەنگ بۆ ماوەی 40 رۆژ لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلیدا دەبینێتەوە.
 
دوای دانوستاندن لە قاهیرە، شاندی حەماس گەڕایەوە قەتەر. بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند، "بیرۆکە و پێشنیازەکە تاوتوێ دەکەین. پەرۆشین کە بە خێراترین شێوە وەڵام بدەینەوە."
 
بەرپرسانی میسریش بە میدیای وڵاتەکەیان گوتووە، شاندی حەماس بە "وەڵامێکی نووسراو" دەگەڕێنەوە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مەرجەکانی ئاگربەستی بە "لەڕادەبەدەر بەخشندە" ناوبردن، لە کاتێکدا کۆشكی سپی داوای لە نێوەندگیرە قەتەری و میسرییەکان کرد، گوشار لەسەر حەماس زیاد بکەن بۆئەوەی بە پێشنیازەکەی ئیسرائیل رازی ببێت و جەنگی غەززە کە ماوەی نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە، بوەستێنرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن داوای لە سەکردەکانی قەتەر و میسر کردووە "هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە گیراون" و ئەوەی بە "تاکە بەربەست"ی بەردەم نەمانی نەهامەتیی خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە ناوبردووە.
 
ماوەی چەند مانگە میسر، قەتەر و ئەمریکا وەکو نێوەندگیر هەوڵدەدەن ئیسرائیل و حەماس بگەیێننە ئاگربەست. تاکە ئاگربەست لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بوو، کە ماوەی یەک هەفتەی خایاند و تێیدا 80 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر 240 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کران.
 
هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی وێرانکردنی زۆربەی کەرتی غەززە و خەڵکەکەیشی گەیاندووەتە لێواری قاتوقڕی، هەڕەشەی گۆڕانیشی بۆ جەنگێکی هەرێمی، زیاتر کردووە.
 
لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە، فەلەستینییەکان بە نائومێدییەوە بە دوای تەرمی ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە لە دوایین هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژران.
 
ئوم لوئەی لەنێو داروپەردووی باڵەخانەیەکی خاپوورکراودا کە تەرمی منداڵانی لێ دەردەهێنرا، گوتی، "خەڵکی سڤیل کە هیچ پەیوەندییان بە حەماس یان گرووپەکانی دیکەوە نەبوو، بە مووشەک لێیاندرا و هەلاهەلا کران. بۆچی دەبێت ئەمەمان بەسەربێت؟"
 
نیگەرانیی جیهان زیاتر بوو دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی زەوینیی بەرفراوانی بۆ سەر رەفەح کرد، کە زۆرینەی دانیشتووانە 2.4 ملیۆن کەسییەکەی غەززە پەنای بۆ بردووە.
 
بەڵام رۆژی یەکشەممە، ییسرائیل کاتس وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، رەنگە هێرشە زەوینییەکە "هەڵپەسێرن" ئەگەر بگەنە ئاگربەست. 
 
دانوستاندنی چارەسەری دوو دەوڵەت
 
رۆژی دووشەممە، لە حەوتەمین سەردانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەدوای جەنگی غەززەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە حەماس لەسەر ئاگربەستەکە "زوو بڕیار بدات."
 
بلینکن بە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی گوت، کە ئەو "هیواخوازە ئەوان [حەماس] بڕیارە دروستەکە بدات."
 
سامح شوکری، وەزیری دەرەوی میسر لە هەمان کۆنفرانسدا گوتی: "پێشنیازەکە هەڵوێستەکانی هەردوو لایان لەبەرچاوگرتووە." گوتیشی: "ئێمە گەشبینین."
 
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: "ئاگربەستێکی 40 رۆژەی بەردەوام و ئازادکردنی هەزاران بەندکراوی فەلەستینی لە بەرامبەر بارمتەکان" بۆ حەماس پێشنیاز کراوە. 
 
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە، بەرپرسانی ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوە بۆ ئەوەی چۆنیەتی پێشخستنی چارەسەری دامەزراندنی دوو دەوڵەت تاوتوێ بکەن.
 
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، هەنگاوی راستەقینە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، پێویستییەکی هەر ئاگربەستێک دەبێت.  
 
واشنتن بۆ ئەوەی ئیسرائیل هانبدات تاوەکو پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین بکات، هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە ئاسایی بکرێنەوە. بلینکن رۆژی دووشەممە گوتی، بەرەوپێشچوون لەو بوارەدا بەدیهاتووە. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دژبەرێکی سەرسەختی لەمێژینەی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینە. ئیسرائیل پێشتریش رەتیکردەووەتەوە ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیێنێت. 
 
سەرچاوەیەک لە حەماسەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پەرۆشی رێککەوتنێکن کە "ئاگربەستی هەمیشەیی، گەڕانەوەی ئازادانەی ئاوارەکان، دەستەوارەیەکی شایەنی قبووڵکردن بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بەندکراوان و کۆتاییهێنان بە ئابلووقەی سەر غەززە مسۆگەربکات."