ژمارەی کوژراوانی غەززە بۆ 21,507 کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، لانیکەم 21 هەزار و 507 کەس لە ناوچە فەلەستینییەکە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، 187 کەس لەوانە، لە 24 کاژێری رابردوودا کوژراون. هەروەها لە سەرەتای جەنگەوە کە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر دەستیپێکرد، 55 هەزار و 915 کەس لە غەززە برینداربوون.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، زیاتر لە 80٪ی دانیشتووانی غەززە ئاوارە بوون.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرە فەلەستینییەکان (ئونروا) رایگەیاند، لەم جەنگەدا، 308 کەس لە پەناگەکانی سەر بە ئاژانسەکە بە بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل کوژراون.
هەروەها کۆی گشتیی هەزار و 95 کەسی دیکە لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بریندار بوون.
ئیسرائیل هەڕەشەی ریشەکێشکردنی حەماس دەکات لە بەرامبەر هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی هێزە فەلەستینییەکە بۆ سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا نزیکەی هەزار و 140 ئیسرائیلی کوژران و 250ی دیکە بە بارمتەگیران کە نیوەیان هێشتا لە غەززە ماون.
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لە لایەن جووە هاوردەکانەوە.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199 دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.