رووداو تێچووی حەجکردن بۆ ساڵی داهاتوو ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی 2024 نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4800 دۆلار و بە رێگەی وشکانی 4000 دۆلارە. دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە داهاتی فۆرم پڕکردنەوەی هاووڵاتییان ملیارێک و 400 ملیۆن دیناریان خستووەتە سەر خەرجیی حەج بۆ ئەوەی نرخەکان زیاتر نەبن.
ئەم ساڵ بۆ حەج 56 هەزار و 669 کەس ناویان نووسیبوو کە هەر کەسێک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی حەج 25 هەزار دیناری لێوەرگیراوە و بەوەش داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تەنیا لەرێگەی پڕکردنەوە فۆرمی حەج ملیارێک و 400 ملیۆن دینار بووە.
رۆژی هەینی، 29-12-2023، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو ملیار و 400 ملیۆن دینارە بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پاڵپشتیی حاجییان بۆ پڕۆسەی حەج بەکارمانهێناوە بۆ ئەوەی نرخیان لەسەر کەمتربکەینەوە، ئەگەر ئەو پارەیە نەکرابێتە سەر نرخی حەج ئەوە نرخ بەرێگەی ئاسمانی دەگەیشتە نزیکەی پێنج هەزار دۆلار و بە وشکانی 4170 هەزار دۆلار."
بۆ ساڵی 2024 نرخی حەج بەرێگەی ئاسمانی 4800 هەزار دۆلار و بە وشکانی چوار هەزار دۆلارە. شێخ نیاز نەقشبەندی دەڵێت، "لە کۆی ئەو 4,800 هەزار دۆلارەی بە رێگەی ئاسمانی لە حاجییان وەردەگیرێت 2,914 هەزار دۆلار و لە وشکانیش لە کۆی ئەو چوار هەزار دۆلارە دوو هەزار و 84 دۆلاری دەدرێتە عێراق."
بە گوتەی بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، ئەو پارەی عێراق وەریدەگرێت بۆ خەرجی حەج وەکو تکتی فڕۆکە، دابینکردنی پاس و چەندین خزمەتگوزاری دیکە بەکاریدەهێنن، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوان بۆ ئامادەکارییەکان لە هەرێمی کوردستان و سعودیە بەکاریدەهێنین وەکو گواستنەوە، نانخواردن، دابینکردنی هوتێل لە مەککە و دابینکردنی تیمی پزیشکی.
لە حەجی ساڵی 2023ـدا، چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە، کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون و تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بوو.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان نرخی حەج بۆ ساڵی 2024 بەراورد بە 2023 زیادیکردووە و دەشڵێت، "سعودیە خزمەتگوزارییەکان، رسوومات و بەگشتی خەرجییەکانی نزیکەی 265 بۆ 270 دۆلار زیادیکردووە ئەوەش وایکردووە نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی و وشکانیش زیاد بکات."
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردن بە مامەڵەکانی حەج و وەرگرتنی پارە لەو کەسانەی ناویان بۆ حەج هاتووەتەوە گوتی: "هێشتا نرخمان رانەگەیاندووە. دوای راگەیاندن و یەکلاکردنەوەی فۆرمەکان دەست بە مامەڵەکان دەکرێت، بەڵام بەگشتی دەبێت مانگی داهاتوو هەموو مامەڵەکان تەواوبکرێن و ئەو کەسانەی ناویان گەڕاوەتەوە پارەکانیان بدەن."
ئەم ساڵ 56 هەزار و 669 کەس داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کرد، هەروەها 65 هەزار و 195 داواکاری حەجی ساڵی 2017 هەبوون، کە کۆی داواکارییەکە دەبێتە 121 هەزار و 864 کەس، لەکاتێکدا پشکی حەجی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، چوار هەزار و 174 کەس دەبێت.