تورکیا دەڵێت، دەکرێت هەسەدە دۆخی ئێستای سووریا لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ وڵاتەکەمان پرسی لەپێشینەیە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دۆخی ئێستای سووریا لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە تۆڕی ئێکس پەیامی وڵاتەکەی لەبارەی گرژییەکانی ئەم چەند رۆژەی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری، بۆ وڵاتەکەمان پرسی لەپێشینەیە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ وەستاندنی شەڕەکە هەر کارێک دەکەن کە لەدەستیان بێت.
ئۆنجو کەچەلی دەڵێت، "لە ساڵی 2017 لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب کرا. تورکیا وەک لایەنێکی ئەو رێککەوتنە، ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات، هێرشەکانی ئیدلب کاریگەریی نەرێنییان لەسەر رێککەوتنەکانی ئاستانە و ئەو هەنگاوانەی دیکە دەبێت تایبەت بە دۆخی سووریا نراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هەموو کارێک دەکەین بۆ وەستاندنی هێرشەکە، بەڵام روونە پێشهاتەکانی ئەم چەند رۆژە بوونەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان".
ئۆنجو کەچەلی دەڵێت، "تورکیا زۆر بایەخ بەوە دەدات ناسەقامگیرییەکە زیاتر نەبێت و خەڵکی سڤیل زیانیان بەرنەکەوێت."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات، دەکرێت هەسەدە سوود لەو دۆخەی ئێستا وەربگرێت و هەربۆیە بە وردی چاودێری جموجووڵی دەکات.
ئۆنجو کەچەلی دەڵێت، تورکیا نیگەرانە لەوەی ناوچەکانی وەک منبج و تل رەفعەت لەژێر دەسەڵاتی شەڕڤاناندا ماونەتەوە و دەنووسێت، "مانەوەی تیرۆریستان لەو ناوچانە و کارنەکردن بۆ لەنێوبردنیان نیگەرانییەکانمان زیاتر دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت،"بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و بایەخە هەرە لەپێشینەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین."
هێرشی گرووپە چەکدارەکان رۆژی چوارشەممە لە رۆژئاوای حەلەب بۆسەر هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیپێکرد.
دوای کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 60 گوند و شارۆچکە، ئەمڕۆ هەینی سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، گرووپە چەکدارەکان لە نێوەندی شاری حەلەب نزیکبوونەتەوە و شەش گەڕەکی شارەکەیان کۆنترۆڵکردووە.