ئێران دەڵێت تۆڵەی ژەنەراڵەکەی دەکاتەوە کە لە بەیرووت کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، کوشتنی عەباس نیلفرۆشان، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران "بێ وەڵام نابێت."
 
نیلفرۆشان رۆژی هەینی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا کوژرا. 
 
نیلفرۆشان لە نێو فەیلەقی قودسی سوپای پاسداراندا، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان بوو.
 
عێراقچی لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا دەڵێت: "ئەم تاوانە قێزەونەی رژێمی دەستدرێژیکاری زایۆنی، بێ وەڵام نابێت. هەروەها دەزگای دیپلۆماسیش هەموو توانا سیاسی، دیپلۆماسی، یاسایی و نێودەوڵەتییەکانی بەکاردێنێت بۆ لێپرسینەوە لە تاوانکاران و پشتیوانەکانیان."
 
بەرپرسانی ئێرانی بە تووندی سەرکۆنەی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵایان کردووە کە بزووتنەوەکەی ماوەی چەندین ساڵە لە لایەن ئێرانەوە پارە و چەکی پێدەدەرێت. 
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی گوتی، "لە کاتێکی گونجاو" وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە و "بێگومان لەسەر ئاستی سەرکردایەتییەوە بڕیارەکە دەدرێت". 
 
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران سەرەخۆشیی خۆی بۆ کوژرانی نەسروڵڵا دەربڕیوە و پێنج رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیاندووە. 
 
ئەمڕۆ لە چەندین شاری ئێران خۆپێشاندان لە دژی کوشتنی نەسروڵڵا و نیلفۆرۆشان کرا. 
 
ئەحمەد جەنەتی، سکرتێری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور گوتی، ئیسرائیل "وەڵامێکی بەهێز وەردەگرێت" و هەڕەشەی "لەنێوبردنی رژێمی زایۆنی" کرد.