فەرەنسا داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بووەستێنێت

رووداو  دیجیتاڵ 

لەکاتێکدا کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا مەترسیی فراوانبوونی جەنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادکردووە، فەرەنسا داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بوەستێنێت. 
 
ژان نۆوێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی شەممە، (28-9-2024) بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، نۆوێل "داوا دەکات دەستبەجێ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بوەستێن" و، فەرەنسا "دژی هەر هێرشێکی زەوینییە بۆ سەر لوبنان."
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، پاریس "هەر کارێکی هەڕەمەکی لە دژی خەڵکی سڤیل، سەرکۆنە دەکات."
 
فەرەنسا هەروەها داوا لە لایەنەکانی دیکەش دەکات، بە تایبەتی حیزبوڵڵا و ئێران "خۆیان لە هەر هەنگاوێک بەدووربگرن، کە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتری ناوچەکە."
 
هەر دوێنێ گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، هێرشی زەوینی بۆ سەر لوبنان "یەکێکە لە بژاردەکان" و، "پێویستە خۆمان بۆ جەنگێکی فراوانتر ئامادەبکەین."