لە تورکیا و باکووری کوردستان هێڵی هەژاری نزیکەی 1700 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە باکووری کوردستان و تورکیا هێڵی هەژاریی خێزانێكی چوار کەسی گەیشتووەتە نزیکەی هەزار و 700 دۆلار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا (تورک ئیش) دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەی هێڵی هەژاری و برسێتی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتاکان، سنووری داهاتی خێزانێکی چوار کەسی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا گەیشتووەتە 52 ملیۆن و 954 هەزار لیرە، کە دەکاتە نزیکەی هەزار و 700 دۆلار، هەروەها هێڵی برسێتی بووەتە 16 هەزار و 257 لیرە، کە دەکاتە 521 دۆلار.
بەپێی تورک-ئیش، خەرجیی مانگانەی کەسێکی سەڵت 21 هەزار و 189 لیرەی تورکییە، کە دەکاتە 678 دۆلار.
تورک-ئیش لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا هەڵاوسانی چێشتخانە واتا نرخی کەلووپەل و پێداویستی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسی لە ئەنقەرە بۆ 8.03٪ بەرزبووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هەڵاوسانی مانگانە بە 72.49٪ و هەڵاوسانی ساڵانە بە 77.20٪ دیاریکراوە.
بەگوێرەی داتاکان لە مانگی شوباتدا نرخی شیر چوار لیرە و 50 قروش کە دەکاتە 14 سەنت، نرخی پەنیر 31 لیرە و 50 قروش کە دەکاتە یەک دۆلار، هەروەها نرخی ماست شەش لیرە و 50 قروش بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە 21 سەنت.
زۆرترین بەرزبوونەوە بە رێژەی 31٪ لە نرخی گۆشتی نەرمەی بەرخ بووە، هەروەها بەهای گۆشتی نەرمەی گۆلک و بەهای قیمە ٪15 زیادیکردووە.
نرخی هێلکە وەک خۆی ماوەتەوە و بەرز نەبووەتەوە، بەڵام کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە بازاڕەکاندا گەیشتووەتە 83 لیرە، کە دەکاتە دوو دۆلار و 66 سەنت.
نرخی بەرهەمی پاقلەمەنی وەکو فاسۆلیا و گوێز و نیسک هاوشێوەی بەرهەمەکانی دیکە بەرزبوونەتەوە. نیسکی سەوز کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا بە 86 لیرە بوو کە دەکاتە دوو دۆلار و 75 سەنت، لە مانگی شوباتدا بۆ 98 لیرە بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە سێ دۆلار و 14 سەنت.
ئەم داتایانە لە کاتێکدان، کەمترین مووچەی خانەنشینان لە باکووری کوردستان و تورکیا 10 هەزار لیرەیە کە دەکاتە 320 دۆلار، کەمترین مووچەی فەرمانبەرێک 17 هەزار لیرەیە، کە دەکاتە نزیکەی 545 دۆلار.