رێکخراوێکی کوردی بە ناوی 'سەڵاحەدینی ئەیووبی' 54 ساڵە لە ئوردن کار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیووبی رێکخراوێکی خێرخوازیی کوردییە لە عەممان. ئەم رێکخراوە لەلایەن سەعد جومعە کوردی لە ساڵی 1970وە دامەزرێندراوە، بەئامانجی یارمەتیدانی خانەوادە هەژارە کوردەکانی شانشینی ئوردنی هاشمی و بەرز راگرتنی ناوی کوردییە لەو شانشینە.
ئەوان هیچ هاوئاهەنگییەکیان لەگەڵ حکومەت و رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان نییە و دەیانەوێ لەرێگەی رووداوەوە دەرگایەکی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
دکتۆر هەمزە محەمەد کوردی، سەرۆکی رێکخراوەکەیە و دەڵێت: "پێویستە ساڵانە چالاکیی جۆراوجۆرمان هەبێت، وەک جەژنی نەورۆز و بەرزکردنەوەی ناوی سەڵاحەدینی ئەیووبی و ئەو کارانەی کردوویەتی گرنگی پێبدەین. بۆ ماوەیەک ئەم رێکخراوە زۆر بەخاوی کارەکانی رایی دەکرد، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە دەمانەوێ زیندووی بکەینەوە وەک خانەوادە کوردییەکان و رێکخراوێکی کوردی، من تازە بووم بە سەرۆکی ئەم رێکخراوە و هیچ هاوئاهەنگییەکمان [لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان] نییە و هیوادارین لە داهاتوو دا پەیوەندی و هاوئاهەنگیمان هەبێت."
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیووبی، نزیکەی 80 هەزار کورد لە ئوردن هەن.
عەبدولهادی یوسف کوردی، ئەندامێکی رێکخراوەکەیە و دەڵێت: "[کتێبی] 'ئوردن یەکەم، دواتر هاشمی؛ داهێنەری شکۆی مێژوو' کە فراس فائز مەسعود کوردی نووسیویەتی، ئەم کتێبە باس لە دەوڵەتی هاشمی و رۆڵی کورد تێیدا دەکات، ئەمە گرنگترین کتێبی ئەم کتێبخانەیە."
راکان محەممەد حەسەن، ئەندامێکی رێکخراوەکەیە و دەڵێت: "پاڵنەر و ئامادەبوونمان لێرە بۆ ئەوەیە ئەم رێکخراوە بەرەو پێشەوە ببەین و زمانی کوردی زیندوو بکەینەوە و زۆرترین گەنجی وەکو من و لە من بچووکتر و گەورەتر فێری زمانی کوردی بکەینەوە."
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، مانگانە گۆڤارێکیان بە ناوی 'رۆناهی' بە زمانی کوردی چاپ دەکرا، بەڵام ماوەی 20 ساڵە هیچ رۆژنامە و گۆڤارێک لەم وڵاتە بە زمانی کوردی نییە.
ئەم رێکخراوە لە 9 ئەندام پێکدێت و هەر سێ ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن. ئەویش لەژێر چاودێریی وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ئوردن.
یاسر کوردی، ئەنداێکی دیکەی رێکخراوەکەیە و دەڵێت: "وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی رێز و پێزانینی زۆری بۆمان هەبوو. رایگەیاند ئێوە لەنێو باشترین 5 رێکخراوەکانن لە شانشینی ئوردنی هاشمی."
هۆز و خانەوادە کوردییەکانی ئوردن بەبنچینەی دامەزراندنی شانشینی ئوردنی هاشمی دادەنرێن و نزیکەی 1200 ساڵە لەم وڵاتە وەک نەتەوەیەک بەشداری کارایان لە ئوردنی کۆن و نوێ دا هەیە. دیارترین پۆست و پلە کە کوردەکان لەم شانشینە پێی گەیشتوون پۆستی سەرۆکوەزیرانە کە لەلایەن سەعد جومعە كوردییەوە، دامەزرێنەری رێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە ساڵی 1967 بەڕێوەبراوە.