ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی داوای دەستپێشخەری لە سوڵتانی عومان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەسقەت لەگەڵ هەمیسەم تارق ئال سەعید، سوڵتانی عومان کۆبووەوە و پەیامی سەرۆککۆماری ئێرانی پێگەیاند.
 
ئەمیرعەبدوڵڵاهییان لەبارەی کۆبوونەوەکەیان بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، عومان لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لە ساڵی 2015ـەوە نێوەندگیری کردووە لەنێوان ئێران و ئەمریکا و پێی راگەیاندووە، تاران ئامادەیە لەسەر بنەمای دانوستاندنەکانی ڤیەننا رێککەوتنی ئەتۆمی کارا بکرێتەوە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا ئامادەنەبن، ئامادەیی تارانیش بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە سنووردارە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بە سوڵتانی عومانی گوتووە، تاران پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەکی هەمیسەم تارق ئال سەعید دەکات بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی.
 
لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران کە بە نێوەندگیریی یەکێتیی ئەوروپا لە نەمسا بەڕێوەدەچوون، وەستاون؛ هۆکارەکەش بە گوتەی رۆژئاوا، بۆ دۆزینەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاستبەرز لە سێ وێستگەی ئەتۆمیی رانەگەیێندراوی ئێران دەگەڕێتەوە کە تاران بە فێڵێکی سیاسی ناوی دەبات و واشنتن بە شاردنەوەی راستییەکان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دایدەنێت.