سێنتکۆم: لە دەستپێکی ئاگربەستی غەززەوە هیچ هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانمان
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە، 73 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا و بەهۆیانەوە 66 کەسیان بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2023، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم نوێترین ئاماری هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بە رووداو راگەیاند.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، لەو هێرشانەدا 66 راوێژکاری سەربازی، سەرباز و کارمەند بریندار بوون، بەڵام سەرجەمیان چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە سەر ئەرکی خۆیان.
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر رۆژی سێشەممە پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.
رایدەر گوتی، "لە 23ی تشرینی دووەمەوە کە هاوکاتە لەگەڵ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان، هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا".
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بوو.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە 24ی تشرینی دووەم کە بە سەرپەرشتی قەتەر هاتەئاراوە، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن هەروەها گوتی، پێش ئاگربەستەکە سوپای ئەمریکا رۆژانە بە درۆن چاودێریی کەرتی غەززەی دەکرد بە ئامانجی دۆزینەوەی بارمتەکان، بەڵام بەهۆی ئاگربەستەکەوە ئەو ئۆپەراسیۆنانەش راگیراون.
وەکو بەشێک لە رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە یەکەم رۆژی ئاگربەستەکەوە چەکدارانی حەماس لە کۆی 240 بارمتە، 81 بارمتەیان ئازاد کردووە و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 180 زیندانی فەلەستینی ئازاد کردووە.