وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: شەڕی دژی حەماس چووە قۆناخێکی دیکە

 
رووداو دیجیتاڵ

تاکە رووناکیی شەوان کە لە غەززە هەیە و خەڵکەکە هەرگیز نایانەوێت بیبینن، رووناکیی ئەو مووشەکانەیە کە ئیسرائیل بۆردوومانی غەززەی پێدەکات، کە مەرگ و وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
لەگەڵ دەنگی تەقینەوەی مووشەکەکان بەنێو کۆڵانەکانی غەززەدا، دەنگدانێک لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، بە زۆرینەی رەهای دەنگ، بڕیارنامەیەکی ناپابەندکەر بۆ وەستاندنی کاتیی شەڕ و گەیاندنی یارمەتییەکان بە کەرتی غەززە راگەیێندرا.
 
بەڵام ئیسرائیل بڕیارنامەکەی رەتکردەوە و بڕیاریدا هێرشە زەوینی و ئاسمانییەکانی فراوان بکات.
 
ئەمڕۆ شەممە 28-10-2023 دوای شەوێکی خوێناوی لە غەززە، رووناکیی خۆر وێرانکاریی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلی دەرخست.
 
عەلا مەهدی، دانیشتووی کەرتی غەززە دەڵێت، "وەکو بوومەلەرزە وابوو. هەموو ناوچەکەی هەژاند. تووندترین بۆردوومان بوو جیهان بەخۆیەوە بینیبێتی. خەڵک نووستبوو، بە منداڵ و ژنەوە. هەموو شتێک وێران بوو. خانووەکان بەسەر خەڵک و منداڵاندا رووخێندران. هیچ کەس خەممان لێ ناخوات. ئەمە سیاسەتی قڕکردنی مرۆڤە."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لەو شەوەدا قۆناخێکی جەنگەکەیان بە "سەرکەوتوویی" تێپەڕاندووە و ژمارەیەک سەرکردەی حەماسیان کوشتووە.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "زەویی غەززە هەژێندرا. لەسەر زەوی و ژێر زەوییەوە هێرشمان کرد. لە هەموو شوێنێک هێرشمان کردە سەر چەکدارانی تیرۆریست. ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت."
 
حەماسیش رایگەیاند، شکستیان بە هێرشی زەوینیی ئیسرائیل هێناوە کە لە سێ بەرەوە کرابووە سەر غەززە و ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلییان کوشتووە و "زیانی گەورەیان" بە تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل گەیاندووە.
 
لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانەوە بۆردوومانیان چڕکردووەتەوە، تانکەکانیشی بە درێژایی سنووری باکووری غەززە بەردەوامن لە تۆپباران.