ئیسرائیل دیپلۆماتەکانی لە تورکیا دەکشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل رایگەیاند، ستافی دیپلۆماسیی خۆی لە تورکیا دەگەڕێنێتەوە، دوای ئەوەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گرت.
بڕیارەکەی ئیسرائیل بە گورزێکی گەورە بۆ پەیوەندییە تازە ئاساییکراوەکانی نێوان ئەنقەرە و ئیسرائیل دادەنرێت.
ئیسرائیل و تورکیا ماوەی یەک دەیە بوو پەیوەندییەکانیان پچڕابوون، ساڵی رابردوو رێککەوتن باڵیۆزەکانیان بنێرنەوە وڵاتەکانی یەکدی. هەروەها نزیکبوون لەوەی لەسەر پڕۆژەی بۆرییەکی گاز کە ئەمریکا پشتیوانیی دەکات، دەست بە گفتوگۆ بکەن، کە دەبووە بناخەی پەیوەندی و پێکەوەکارکردنی نزیکتر لەنێوانیاندا؛ بەڵام دوای رەخنە تووندەکانی ئەردۆغان لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پەیوەندییەکانیان ساردبووەوە.
رۆژی شەممە، ئاکپارتی، پارتەکەی ئەردۆغان، خۆپێشاندانێکی گەورەی لە ئیستەنبووڵ رێکخست، کە 1.5 ملیۆن کەس تێیدا بەشداربوون. ئەردۆغان گوتارێکی بۆ خۆپێشاندەرانی هەڵگری ئاڵای فەلەستین و تورکیا پێشكێشکرد و گوتی، "ئیسرائیل، تۆ داگیرکاری."
سەرۆککۆماری تورکیا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی وەکو "تاوانباری جەنگ" هەوڵی "ریشەکێشکردنی" فەلەستینییەکان دەدات. گوتیشی، "بێگومان هەموو وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام لەم دۆخەدا دادپەروەری لە کوێیە؟ هیچ دادپەروەرییەک نییە، ئەوەی لە غەززە روودەدات کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیە."
چەند خولەکێک دواتر، ئیسرائیل بڕیاریدا هەموو ستافی دیپلۆماسیی خۆی لە تورکیا بكشێنێتەوە.
ئێلی کۆهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گوتارە مەترسیدارانەی لە تورکیاوە دێن، فەرمانمان کردووە بە گەڕانەوەی نوێنەرانی دیپلۆماسیمان لەو وڵاتە بۆئەوەی پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیادا بکەین."
7ی تشرینی یەکەم، چەکدارانی حەماس هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری غەززە، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، 1400 ئیسرائیلییان کوشت، کە بە گوتەی خۆیان، بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیل بوون.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل گەمارۆی ئاو، خۆراک، کارەبای بەسەر کەرتی غەززەی ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا سەپاند و هێرشی ئاسمانیی تووندی کردە سەر، کە تاوەکو ئێستا بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 7703 کەس کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیلن و سەرووی 3500یان منداڵن.