نەتەنیاهوو: شەڕی غەززە درێژ و زەحمەت دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕی نێو کەرتی غەززە "درێژ و زەحمەت" دەبێت. دەشڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی هێرشی زەوینی چڕکردوونەتەوە. 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "جەنگی غەززە درێژ و زەحمەت دەبێت و ئێمە ئامادەین بۆی." دەشڵێت، ئامانجیان لەنێوبردنی توانا سەربازییەکانی حەماس و ئازادکردنی دیلەکانە. 
 
نەتەنیاهوو گوتیشی، "لەم چەند رۆژەی دوواییدا هێرشە ئاسمانییەکانمان چڕکردوونەتەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی هێزەکانمان بکەین لە رێگەی زەمینییەوە بچنە نێو غەززەوە." باسی لەوەش کرد، دوێنێ شەو هێزێکی تایبەت چووە نێو باکووری غەززەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها باسی لەوە کرد کە "هەموو بژاردەیەک" بەکاردێنن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. 
 
نەتەنیاهوو رووبەڕووی ناڕەزایی دەبێتەوە لەسەر چارەنووسی بارمتەکان، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە چڕ دەکەنەوە.
 
حەماس دەڵێت، ئیسرائیل 50 بارمتەی خۆی بە بۆردوومان کوشتووە. 
 
رۆژی شەممە، 28-10-2023، دانیەل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و ئاسایشی ئیسرائیل چەند فەرماندەیەکی تیرۆریستی حەماسیان کوشتووە". هەروەها دەشڵێت، لەنێو فەرماندە کوژراوەکاندا چەند فەرماندەیەکی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی سەر ئیسرائیلی تێدایە. 
 
گوتەبێژی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو فەرماندانە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس و سەرکردەی تاکتیکی حەماسن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێوبردنی ئەوان بەرەوپێشچوون لە شەڕەکە ئاسانتر دەکات و وا لە هێزە زەوینییەکان دەکات کە شەڕ لەدژی دووژمنێکی لاوازتر بکەن."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لەو شەوەدا قۆناخێکی جەنگەکەیان بە "سەرکەوتوویی" تێپەڕاندووە و ژمارەیەک سەرکردەی حەماسیان کوشتووە.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "زەویی غەززە هەژێندرا. لەسەر زەوی و ژێر زەوییەوە هێرشمان کرد. لە هەموو شوێنێک هێرشمان کردە سەر چەکدارانی تیرۆریست. ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت."
 
حەماسیش رایگەیاند، شکستیان بە هێرشی زەوینیی ئیسرائیل هێناوە کە لە سێ بەرەوە کرابووە سەر غەززە و ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلییان کوشتووە و "زیانی گەورەیان" بە تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل گەیاندووە.