خامنەیی: هەموو هێزەکانی مقاوەمە لە ناوچەکە پاڵپشتیی حیزبوڵڵا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 


رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، سەرجەم هێزەکانی مقاومە لە ناوچەکە، پشتیوانی لە حیزبوڵڵا دەکەن، هەروەها داوای لە موسڵمانان کرد کە وەکو "ئەرکێک" بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە و پاڵپشتیی لە خەڵکی لوبنان و حیزبوڵڵا بکەن. 

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی هەینی 27-09-2024ی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری بەیرووت، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''کوشتاری خەڵکی سڤیل لە لوبنان جارێکی دیکە دڕندەیی سەگی هاری زایۆنی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد.''

خامنەیی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ''باندی تیرۆری باڵادەست لە رژێمی زایۆنیدا، وانەیان لە شەڕی یەک ساڵەی غەززە وەرنەگرت و نەیانزانی کە کوشتاری بەکۆمەڵی ژنان، منداڵان و خەڵکی سڤیل ناتوانێت کاریگەری لەسەر ژێرخانی پتەوی بەرەی مقاومە هەبێت و لە بەینی ببات.''

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تاوانکارانی زایۆنی بزانن زۆر بچووکترن لەوەی کە بتوانن زیانێکی ئەوتۆ بە ژێرخانی پتەوی حیزبوڵڵای لوبنان بگەیێنن. سەرجەم هێزەکانی مقاومەی ناوچەکە لەگەڵ حیزبوڵڵان و پشتیوانی لێ دەکەن.''

ئەمڕۆ شەممە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئێوارەی رۆژی هەینی 27ی ئەیلوول بۆ سەر باڵەخانەیەک لە بەیرووت، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا کوژراوە، ئەوە لەکاتێکدایە رەنا ساحلی، گوتەبێژی حیزبوڵڵای لوبنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، یەکلا نەبووەتەوە.

خامنەیی لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ''بەرەی مقاومە و لە سەرووی هەمووانەوە حیزبوڵڵای سەرفراز چارەنووسی ناوچەکە دیاری دەکەن. ئەمڕۆ لوبنان بە پشتیوانیی خودا دووژمنی داگیرکەر، شەڕانگێز و روڕەش پەشیمان دەکاتەوە.''