جێگرەوە چاوەڕوانکراوەکەی حەسەن نەسروڵڵا کێیە؟
رووداو دیجیتاڵ
دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، پرسیارەکە ئەوەیە کێ شوێنی دەگرێتەوە، بە تایبەتی کە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتیی بزووتنەوە لوبنانییەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
ئەو کەسەی بە بەربژێری سەرەکیی دادەنرێت، هاشم سەفیەدینە، کە پوورزای نەسروڵڵایە و کوڕەکەی، زاوای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
سەفیەدین لە زۆر رووەوە لە نەسروڵڵا دەچێت، لە سەروسیماوە تا دەگاتە شێوازی ئاخاوتن. لە ساڵی 1994ـەوە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی حیزبوڵڵا بگرێتەدەست، کە ئەو کاتە تازە لە شاری قومی ئێرانەوە گەڕابووەوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بزووتنەوەکە وەربگرێت.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو، سەفیەدین سەرپەرشتیی کاروباری رۆژانەی حیزبوڵلا کردووە، لەنێویدا بەڕێوەبردنی دامەزراوە و سەرچاوە داراییەکانی، لە کاتێکدا نەسروڵڵا سەرنجی لەسەر دۆسیە ستراتیجییەکان بوو. سەفیەدین بەرپرسی جێبەجێکردنی سیاسەتە نێوخۆییەکان و پەرەپێدانی ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە بوو.
بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران هەیەتی، پێگەی سەفیەدین لەنێو حیزبوڵڵادا بەهێزتر بوو، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی لە قوم خوێندوویەتی و لەوێ پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تاران دروستکردووە.
هەروەها پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان کوڕەکە و کچەکەی قاسم سولەیمانی، پەیژەیەکی دیکە بوو بۆ ئەوەی بگاتە پلە بەرزەکانی حیزبوڵڵا.
سەفیەدین سەرپەرشتیاری چالاکییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و پەروەردەییەکانی حیزبوڵڵایە.
وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکار، سەفیەدین یەکێکە لە 7 ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی شورای حیزبوڵڵا.
لە ئایاری 2017ـەوە، سەفیەدین لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوە.
دەستنیشانکردنی سەفیەدین بۆ شوێنگرتنەوەی نەسروڵڵا شتێکی تازە نییە، بەڵکو ماوەی 15 ساڵە بڕێنراوەتەوە.
لە ساڵی 2008ـەوە، میدیای ئێرانی و ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد، کە سەفیەدین بە سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکار و شوێنگرەوەی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا دانراوە.
لەو کاتەشەوە، حیزبوڵڵا سیناریۆی خۆی بۆ ئەگەری کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ئامادەکرد، بۆ ئەوەی ئەگەر ئیسرائیل لە کوشتنیدا سەرکەوتوو بوو، سەفیەدین شوێنی بگرێتەوە.
بە گوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ئەلمای ئیسرائیلی، لە ساڵی 1994 لە لایەن ئێرانەوە بڕیار لەسەر پۆستی داهاتووی سەفیەدین دراوە و لە ساڵی 2008 چەسپێنراوە.
زیاتر بیناسە
- سەفیەدین لە ساڵی 1964 لە شارۆچکەی دێر قانوون نەهر لە باشووری لوبنان لە نێو خێزانێکی بەناوبانگدا لەدایکبووە
- لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵای کورە پووری چووە شاری قومی ئێران، بۆ ئەوەی پەروەردەی ئایینی مەزهەبی شيعە بخوێنێت
- لە ساڵی 1983، ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچی محەممەد عەلی ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی سەر بە ئەنجوومەنی ئیسلامیی شيعەی لوبنان، پێکهێنا.
- ساڵی 1994، لەلایەن نەسروڵڵاوە بە سەرۆکی ناوچەی حیزبوڵڵا لە بەیرووت دەستنیشانکرا
- لە ساڵی 1995، بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی جیهاد کە بەرپرسە لە چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا و لە هەمان کاتدا وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شورا دەستبەکاربوو.
- لە ساڵی 1998، پلەکەی بەرزکرایەوە و کرایە سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکار
- عەبدوڵڵای برای هاشم سەفیەدین، نوێنەری حیزبوڵڵایە لە ئێران. عەبدوڵڵا کەسایەتییەکی ناسراوە و بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و سپیکردنەوەی پارە، لە لایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە
- ساڵی 2020، رەزای کوڕی هاشم سەفیەدین، ژیانی هاوژینیی لەگەڵ زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی پێکهێنا
- رەزا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە ئێرانەوە چەکی بە قاچاخ بردووەتە لوبنان.