بەهۆی پاسپۆرتی چلەی ئیمامی حوسێنەوە، ئێران لە عێراق نیگەرانە

رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی و سەرۆکی لێژنەی سەردانی چلەی ئیمام حوسێن، سەرسوڕمانی وڵاتەکەی لە پاشگەزبوونەوەی عێراق لە دەرهێنانی پاسپۆرتی تایبەت بە ئێرانییەکان بۆ سەردانی عێراق لەو یادەدا دەربڕی و رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوە نەبووین و داوای روونکردنەوە دەکەین".
 
مەجید میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی و سەرۆکی لیژنەی سەردانی چلەی ئیمام حوسێن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیسنای وڵاتەکەی رایگەیاند "پرسی دەرهێنانی پاسپۆرتی تایبەت بە چلەی ئیمامی حوسێن نوێ نییە، ئێمە ساڵی رابردوو ئەم بابەتەمان بە بەڵگەنامەیەکی تایبەت خستەڕوو، بەڵام لایەنی عێراقی دژی بوو".
 
ئەحمەدی گوتی "ناڕازیبوونی عێراق لەو کاتەدا پاساوی هەبوو، چونکە ئامێرەکانیان بە ئاسانی نەیاندەناسییەوە، بەڵام ئەو بەڵگەنامەمان زیاتر فەرمی کرد و چاپمان کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ خەسڵەتەکانی پاسپۆرتی گەشتکردنی نێودەوڵەتی بگونجێت".
 
بە گوتەی ئەحمەدی، ئەوانەی پاسپۆرتی خۆیان هەیە، پێویستیان بە پاسپۆرتی تایبەت نییە، هەروەها ئەوانەشی پاسپۆرتەکانیان بەسەرچووە، دەتوانن لە رێگەی مۆرێکەوە، کە لەسەر پاسپۆرتەکانیان دەدرێت، گەشت بکەن، بۆ ئەمەش لەگەڵ عێراق رێککەوتوون.
 
ئیمامی حوسێن کوڕی ئیمامی عەلی، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلامە، ساڵانە لە یادی چلەی کوشتنیدا شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن. ساڵانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ئێرانی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عێراق دەکەن.
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە دەڵێت "ساڵی رابردوو چاپکردنی ئەو پاسپۆرتەمان لەگەڵ مەهدی عەلی هادی فکێکی، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق باسکرد و رەزامەندیی سەرەتایی دەربڕی، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی عێراق و ئێران لە تایوان لایەنی عێراقی ناڕازی نەبووە، بەڵام دواتر لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوبوونەوە و پەیاممان بۆ راوێژکاری وەزیر و وەزیری ناوخۆی عێراق ناردووە بۆ روونکردنەوەی بابەتەکە، کە هەرگیز چاوەڕوانکراو نەبوو و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەین".
 
رۆژی دووشەممە، 26-6-2023، لیوا خالید محەننا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند هیچ رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و ئێران بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی تایبەت بە سەردانیکارانی ئێران بۆ یادکردنەوەی چلەی ئیمامی حوسێن نییە، گوتیشی "رێککەوتن و هاوئاهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا هەیە، ئەمە جگە لە لیژنەیەکی تایبەتمەند کە کاری پەڕینەوەی سەردانیکاران رێکدەخات".
 
ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردوو، وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی و سەرۆکی لیژنەی سەردانی چلەی ئیمام حوسێن رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی عێراقی رێککەوتوون بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتێکی نوێ بۆ سەردانیکارانی چلەی ئیمامی حوسێن، کە زوو دەردەهێنرێت و نرخەکەشی هەرزانە.