ئەمریکا هێرشێکی دیکەی کردە سەر حووسییەکان
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانی لە کەنداوی عەدەن، ئەمریکا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان و مووشەکێکی لەنێوبرد کە گوایە ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی ئاراستەی کەشتییەکان بکرێت.
ئەوە دوایین زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و بەریتانیایە بۆ سەر حووسییەکان. بە گوتەی خۆیان، ئامانجیان کەمکردنەوەی توانای حووسییەکانە لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی جیهانییە.
حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، هێرشەکانیان پشتیوانیێکن بۆ غەززە لە دژی ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیاوە هەیە.
هەروەها واشنتن بە شێوەی تاکلایەنانەش زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر حووسییەکان، بەڵام ئەو چەکدارانە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەڵێنیان داوە لە هێرشی خۆیان نەوەستن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، هێرشێکی دیکەی ئاسمانیی کردووەتە سەر "مووشەکێکی دژە کەشتیی حووسییەکان کە رووی کرابووە دەریای سوور و ئامادەبوو بۆ هاویشتن."
لە راگەیێندراوەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، سێنتکۆم دەڵێت: "بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، هێزەکانمان هێرشیان کردە سەر مووشەکەکە و لەنێویان برد."
هاوکات میدیای فەرمیی حووسییەکان رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا دوو هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەندەری رەئس عیسا لە پارێزگەی حودەیدەی یەمەن، کە تێرمیناڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی لێیە.
لەندەن و واشنتن ئەو هەواڵەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە و حووسییەکانیش وردەکارییان لەبارەی هێرشەکە و قەبارەی زیانەکانی نەخستووەتەڕوو.
ئێوارەی رۆژی پێشتر، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان گوتی، ئەوان بە مووشەک کەشتیی نەوتهەڵگری بەریتانیی مارلین لواندایان پێکاوە، "هێرشەکە راستەوخۆ بوو و لە ئەنجامدا کەشتییەکە گڕیگرت."
دواتر سێنتکۆم هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "کەشتییەکە داوای بەهاناوەچوونی کرد و رایگەیاند زیانی بەرکەوتووە. کەشتیی USS Carney و ئەوانی دیکە هاوپەیمان وەڵامیاندایەوە و ئێستا یارمەتی دەدەن."
ترافیگورا، کۆمپانیای کارپێکەری کەشتییەکەش رۆژی شەممە رایگەیاند، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە و ئاگرەکەشی کوژێنراوەتەوە. هەروەها باسی لەوە کردووە، "کەشتییەکە ئێستا بەرەو کەنارێکی ئارام دەڕوات. لەم کاتەدا هیچ کەشتیێکی ترافیگورا لە کەنداوی عەدەن نین."
کۆمپانیاکە سوپاسی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا، هیندستان و فەرەنسا کرد لە بەرامبەر بەهاناوەچوونیان.
هێزی دەریایی هیندستان رایگەیاند، 22 کەسی هیندستانی و یەکێک بەنگلادشی لە کەشتیی مارلین لواندادا بوون و تیمێکی ئاگرکوژاندنەوەی سەر بە ئەوان، بە هەوڵێکی شەش کاژێری، ئاگری سەر کەشتییەکەیان کوژاندووەتەوە.