پێنتاگۆن: 5 لەو کەسانە دەستگیرکران کە لە کەناراوەکانی یەمەن چوونە سەر کەشتییەکی ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە، کە چوونەتە سەر کەشییەکی ئیسرائیلی لە کەناراوەکانی یەمەن، بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو پێنج کەسە خەڵکی سۆماڵن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی 11ی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن ستافی کەشتیی ئێم ئێف سێنتراڵ پارکی سەر بە ئیسرائیل لە هێرشێکی چەتەکانی دەریا ئاگادارکراونەتەوە، لە کەناراوەکانی یەمەن پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە چووبوونە سەر کەشتییەکە.
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: ''پێنچ چەکدار بە بەلەمێکی بچووک هەوڵی هەڵاتنیان دا، بەڵام لە کۆتاییدا گەمارۆدران و ناچار بە خۆرادەستکردن کران. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کەسانە بە رەچەڵەک سۆماڵین و ئەو هێرشە پەیوەندی بە کاری چەتەیی دەریاییەوە هەیە''.
پات رایدەر ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو چەکدارانە چوونەتە سەر کەشتییەکە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی و توانیویانە بگەنە ژووری کۆنترۆڵی کەشتییەکە و کەشتیوانەکان توانیویانە خۆیان لەنێو کەشتییەکە حەشار بدەن.
پات رایدەر دەڵێت: ''لەو کاتەی ئەو کەسانە هەوڵیانداوە دەستبەسەر کەشتییەکەدا بگرن، دوو مووشەکی بالیستی لەو ناوچەیە تەقێندراون کە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەنە''.
پێنتاگۆن روونیکردووەتەوە کە ئەو مووشەکانە لە دووری 16 کیلۆمەتر لە نزیک کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زە میسۆن و ئێم ئێف سێنتراڵ کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە.
لە دوای گرژییەکانی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، حوسییەکانی یەمەن بە مووشەکی دوورهاوێژ ئیسرائیل و پشتیوانەکانی دەکاتە ئامانج و ئیسرائیل رایگەیاندووە سەرجەم ئەو مووشەکانەی تێکشکاندوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی هەردوولا، لە هێرشەکانی حەماس بۆ ناوچەکانی دەوروبەری غەززە، 1200 ئیسرائیلی کوژران و بەهۆی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر كەرتی غەززە نزیکەی 16 هەزار کەس کوژراون.