نەتەنیاهوو: هێرشمان کردە سەر سەری ئەختەبووتەکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکەیان بۆ سەر ئێران "بەهێز و ورد" بووە و لە "سەری ئەختەبووتەکەیان داوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو هەروەها گوتی، "هەموو ئەمانە دوای ئەوە دێت کە لە چەند مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی سیستماتیکی هەڵسوکەوتمان کرد و بەگوێرەی پلانێکی سیستماتیکی قۆڵی ئێرانی ئەختەبووتمان بڕی".
مەبەستی نەتەنیاهوو لە 'قۆڵی ئەخنەبوتەکە'، هێرشکردنە سەر بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵایە.
نەتەنیاهوو گوتیشی، "دوێنێ شەممە، هێرشمان کردە سەر سەری ئەختەبووتەکە، رژێمی ئێران".
رۆژی شەممە، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێراندا".
سوپای ئێران هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، سیستمی بەرگریی وڵاتەکە زۆربەی هێرشەکانی پووچەڵکردووەتەوە و زیانێکی "سنووردار"یان بە وڵاتەکە گەیاندووە.
سوپای ئێران دوای تەواوبوونی هێرشەکە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکە چوار ئەندامی سوپاکەیان کوژراون.
دوای تەواوبوونی هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل گوتی، "ئەگەر ئێران هەڵەیەک بکات و گرژییەکان زیاد بکات؛ ئێمەش ناچار دەبین وەڵام بدەینەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، هەر دەستدرێژییەکی ''رژێمی زایۆنی'' بە هەموو هێزەوە وەڵام دەدرێتەوە.