چیرۆکی عایشە؛ ئەو کچە کوردە ئێزدییەی لە دارک وێبدا بۆ فرۆشتن دانرابوو، ئێستا 'پارێزراوە'
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئەنقەرە رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023 راگەیێندراوێكی لەبارەی ئەو کچە کوردە ئێزدییە بڵاوکردەوە، کە ساڵی 2017 لەلایەن داعشەوە رفێندراوە بۆ تورکیا و لە تۆڕی تاریکدا (dark web) بۆ فرۆشتن خراوەتە بازاڕەوە. رایگەیاند، کچە ئێزدییەکە دەستگیرکراوە و سەرکردەیەکی داعشیش بەناوی سەباح ئۆروچ، بە تۆمەتی رفاندنی کچەکە دەستگیرکراوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوەی پارێزگای ئەنقەرە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند رۆژێکە لە میدیاکانی تورکیا و سۆشیاڵ میدیاکانی ئەو وڵاتە بەڵگە و وردەکاری لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوکرانەوە و باس لەوە دەکەن ئەو کچە کوردە ئێزدییە کە لە شوباتی 2021 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ماڵی خانەی رێکخراوی داعش لە ئەنقەرە رزگار کرا، ئاشکرا بووە کە دواتر رادەستی هەمان ئەو خێزانە داعشە کراوەتەوە، کە ویستوویانە بیفرۆشن.
پارێزگای ئەنقەرە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "دوای بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی پارێزگاکەمان بۆ ئەو زانیارییانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیالمیدیا لەبارەی کچێکی ئێزیدی بڵاوکراوەتەوە، هاووڵاتی عێراقی (س. ئۆ.) لەگەڵ منداڵە ئێزدییەکە (ئا. س. ئۆ.) دەستبەسەرکران، (س. ئۆ.) لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری دەستگیرا و منداڵە ئێزدییەکە (ئا. س. ئۆ.) خراوەتە ژێر پاراستنی دەوڵەتەوە."
دوای پارێزگای ئەنقەرە، وەزارەتی خێزانی تورکیاش هەمان رۆژ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، "ئەو منداڵە ئێزیدییە کە رادەستی بنەماڵەی داعش کراوە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی 'بۆ ئەوەی زیانی پێ نەگات'، خراوەتە ژێر پارێزگارییەوە".
وەزارەتی خێزانی تورکیا دەشڵێت، "هاووڵاتی بیانی (س. ئۆ) لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە لەلایەن بەشی پۆلیسی پارێزگاکەمانەوە دەستبەسەرکرا دوای دەرکەوتنی تۆمەتەکان لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا. منداڵی بیانی (ئا. س. ئۆ.) بۆ ئەوەی زیانی پێ نەگات و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی منداڵەکە، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەگەڵ (س. ئا. م.)ی دایکیدا خراوەتە ژێر پاراستنی دەوڵەتەوە."
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست پارێزەران کەوتووە، رۆژی 21ـی حوزەیرانی 2022 بە رەزامەندیی وەزارەتی خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی، "فەرمانی پاراستن" هەڵگیرا و کچە کوردە ئێزیدییەکە بە "راپۆرتی گەیاندن" رادەستی خێزانە داعشەکە کراوەتەوە.
کاژێر 11:30 خولەکی رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023 یەکەم دانیشتنی دادگە لەو دۆسیەیە لە 15ـیەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو کە لە دژی سەباح عەلی ئۆروچ ئەندامی داعش بە تۆمەتی "بازرگانی نێودەوڵەتیی مرۆڤ" تۆمارکراوە.
داواکاریی رێکخراوەکان بۆ بەشداریکردن لەو دۆسیەیە لەلایەن دادگە رەتکرایەوە، دانیشتنەکەش بۆ کاژێر 11:00ـی رۆژی 18 کانوونی دووەمی 2024 دواخرا.
بەگوێری ئەو داتایانەی لە تورکیا بە فەرمی تۆمارکراون، کچە کوردە ئێزدییەکە ناوی عایشە سابیرە و ساڵی 2013 لە شنگال لەدایکبووە.
عایشە سابر ساڵی 2017 لەلایەن داعشەوە رفێندراوە بۆ تورکیا. دواتر لە تۆڕی تاریکدا (dark web) خراوەتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن. رۆژی 24ـی شوباتی 2021 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ماڵی خانەی رێکخراوی داعش لە ئەنقەرە رزگار کرا.
بە تۆمەتی رفاندن و بارمتەگرتنی ئەو کچە کوردە ئێزدییە، هەر یەک لە (ئەنەس ڤ.) و (ناسر هـ . ر.) و سەباح عەلی ئۆروچ، کە عێراقین دەستبەسەرکران و گوتەیان لێ وەرگیرا.
سەباح عەلی ئۆروچ، لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کچە کوردە ئێزدییە ساڵی 2014 کە تەمەنی نزیکەی دوو ساڵ و نیو بوو، لەلایەن سەبار ئۆروچ-ی برا گەورەیەوە هێنراوەتە ماڵەکەیان لە عێراق.
سەباح عەلی ئۆروچ گوتوویەتی: "براکەم منداڵەکەی هێنایەوە ماڵەوە. گوتی ئەم منداڵە ئێزیدییەم بە 500 دۆلار لە بازاڕ لە داعش کڕیوە. لەمەودوا لەم ماڵەدا گەورە دەبێت. من بەرپرسیار نیم لە هێنانی ئەم منداڵە بۆ ماڵەکەمان لە عێراق، لەلایەن سەبار-ی برامەوە هێنراوە. براکەم ناوی لێنا عایشە. دواتر براکەم لە بۆردوومانێکدا گیانیلەدەستدا. من بازاڕی فرۆشتنی ژن و منداڵی ئێزدی نازانم. من منداڵم نەڕفاندووە و منداڵم نەکڕیوە."
دوای وەرگرتنی گوتەکانیان لەلایەن داواکاری گشتی، رۆژی 27ـی شوباتی 2021 (ئاناس ڤ.) و (ناسر هـ . ر.) بە مەرجی دادوەری ئازادکران. سەباح عەلی ئۆروچ رەوانەی زیندانی داخراوی جۆری F ـی سینجان کرا.
سکاڵانامەی دژی ئەو ئەندامانەی داعش کە باسی لێوە دەکرێت لە 8ـی ئاداری 2021 پەسندکرا. لە سکاڵانامەکەدا ئەو سێ ئەندامەی داعش بە "ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش" و "ئەندام لە بەڕێوەبردنی رێکخراوەکە" تۆمەتبار کراون.
بەگوێرەی سکاڵانامەکە، سەباح عەلی ئۆروچ ئەندامی داعش لە ساڵی 2018 لەگەڵ هاوژینی براکەی چوونەتە فەرمانگەی کۆچی پارێزگای ئەنقەرە و داوای دەرهێنانی ناسنامەیان بۆ کچە کوردە ئێزیدییەکە کردووە.
سەباح ئۆروچ رایگەیاندووە دواکەوتوون لە پێدانی ناسنامە بەو کچە کوردە ئێزدییە. لەسەر ناوی براکەی و بە ژمارە 990....6990 بە ناوی (عایشە سەبار عەلی ئۆڕوچ) ناسنامە بۆ کچە کوردە ئێزدییەکە دەرکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ناو دۆسیەکە، کە لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، ئەو کچە کوردە ئێزدییە کە لە 24ی شوباتی 2021 لەلایەن تیمەکانی دژەتیرۆری ئەنقەرە رادەستی "ماڵی خۆشەویستی پورساکلار" سەر بە وەزارەتی خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی تورکیا کراوە، نزیکەی سێ مانگ دواتر لە رۆژانی کۆتایی هەفتە (شەممە و یەکشەممە) دا نێردراوەتەوە، لای ئەو خێزانە داعشییە، کە بۆ فرۆشتن خستوویانەتە بازاڕەوە.