هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایل لە غەززە پچڕاوە و ئیسرائیل دەڵێت ئۆپەراسیۆنی وشکانی فراوان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کەرتی غەززە کە لە لایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبردرێت، رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل زۆربەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی لەسەر کەرتی غەززە بڕیوە. هەروەها سوپای ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە چڕکردوونەتەوە و دەڵێت، "ئەمشەو هێزی وشکانیش ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ نێو غەززە فراوان دەکات." لە لایەکی دیکەشەوە، حەماس ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی راگەیاندنی کەرتی غەززە بێت، ئیسرائیل هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایلی پچڕاندووە. هەروەها ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی "بە هێرشی خوێناوی لە ئاسمان، وشکانی و دەریاوە کۆمەڵکوژی" دژی خەڵکی سڤیلی غەززە ئەنجامدەدات.
هاوکات لە سەرەتای ئێوارەی ئەمڕۆوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە بە شێوەیەکی بێوێنە چڕکردنەوە.
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دووبارە داوا لە خەڵکی باکووری غەززە دەکەین بەرەو باشوور بڕۆن" گوتیشی هێزی وشکانیی ئیسرائیل "لەم شەوەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ نێو کەرتی غەززە فراوان دەات."
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە غەززەوە بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت هێرشی ئاسمانیی ئەمشەوی ئیسرائیل لە شەوەکانی دیکە سەختترە و ناوەناوە ئاگری بۆردوومان ئاسمانی غەززە رووناک دەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش دیارنییە کە ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل دەستپێکی هێرشی زەوینی بێت بۆ نێو غەززە یان نا، لەکاتێکدا گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکان بەردەوامن.
هاوکات ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە زیادبوونی نەهامەتییەکانی خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە دەددات و دەڵێت، فەلەستینییەکان بەهۆی نەبوونی ئاو، خۆراک و کارەباوە رووبەڕووی "لێشاوی بێوێنەی نەهامەتیی مرۆیی" دەبنەوە.
گوتێرێز رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بانگەوازی خۆم بۆ ئاگربەست، ئازادکردنی بێمەرجی هەموو بارمتەکان و گەیاندنی پێداویستیی ژیانپارێز دووپاتدەکەمەوە." هەروەها دەڵێت، "دوای هەر خولەکێک، نەهامەتییەکە زیاتردەبێت. بێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی، خەڵکی غەززە رووبەڕووی لێشاوێکی بێوێنەی نەهامەتیی مرۆیی دەبنەوە."