وەزیرێکی ئیسرائیلی داوا دەکات پەرستگەیەکی جووەکان لە حەوشەی مزگەوتی ئەقسا دروستبکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، کە جوویەکی تووندڕۆیە، داوا دەکات مزگەوتی ئەقسا لە قودس/ ئۆرشەلیم وەک خۆی نەمێنێتەوە و لە حەوشەکەیدا پەرستگەیەکی جووەکان دروستبکرێت. 
 
ئیتمار بن گڤیر، بەو قسانە مشتومڕێکی گەورەی ناوەتەوە کە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای سەر بە سوپای ئیسرائیل گوتی: "ئەگەر بمتوانیبا هەر شتێکم ویستبا بیکەم، ئەوا ئاڵای ئیسرائیلم لەو شوێنە هەڵدەکرد،" کە مەبەست لێی حەوشەی مزگەوتی ئەقسایە.  
 
پرسیار لە بن گڤیر کرا کە ئایا دەکرێت پەرستگەیەک لەو شوێنە دروستبکرێت؟ وەزیرەکە گوتی، "بەڵێ". 
 
مزگەوتی ئەقسا لە چەقی ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلییەکاندایە. یەکێکە لە گەورەترین مزگەوتەکانی جیهان و یەکێکە لەو سێ ماڵەی خودا کە موسڵمانان لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانیان دەکەن. هەروەها پێش مەککە، رووگەی یەکەمی موسڵمانان بووە. 
 
جووەکان شوێنە پیرۆزەکە بە "کێوی پەرستگە" ناودەبەن بە پیرۆزترین شوێنی ئایینی خۆیان دایدەنێن. 
 
دەروازەکانی مزگەوتەکە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بەڵام لەلایەن فەرمانگەی کاروباری ئیسلامیی ئوردنەوە، مزگەوتەکە بەڕێوەدەبرێت. 
 
دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 1967 رۆژهەڵاتی قودس/ ئۆرشەلیمی داگیرکرد، رێگەی بۆ جووەکان کردەوە کە لە هەندێ کاتی دیاریکراودا سەردانی مزگەوتە بکەن، بەڵام تاوەکو دێت، جووە تووندڕۆکان ئەو کاتە دیاریکراوانە زیاتر پێشێل دەکەن. 
 
فەلەستینییەکان پێیانوایە سەردانی جووە نەژادپەرستەکان بۆ مزگەوتی ئەقسا، سووکایەتیکردنە بە هەستی موسڵمانان. 
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا، بن گڤیر گوتی: "عەرەبەکان هەر کات ویستیان دەتوانن نوێژ بکەن، بۆیە دەبێت جووەکانیش هەر کاتێک ویستیان، بتوانن نوێژ بکەن."
 
بن گڤیر پێوایە، ئەو سیاسەتەی ئێستا هەیە، "رێگە بە جووەکان دەدات، لەو شوێنە نوێژ بکەن."
 
ئەم قسانە کاردانەوەی نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و وایکرد جارێکی دیکە دووپاتیبکاتەوە کە "هیچ گۆڕانێک لە پێگەی کێوی پەرستگەدا ناکرێت."
 
ژمارەیەک بەرپرس و لایەنی دیکەش رەخنەیان لە قسەکانی بن گڤیر گرت.
 
یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "بەرهەڵستیکردنی پێگەی ئێستای کێوی پەرستگە کارێكی مەترسیدار، ناپێویست و نابەرپرسانەیە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "رەفتارەکانی بن گڤیر ئاسایشی ئیسرائیل دەخەنە مەترسییەوە." 
 
هاوکات، یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، قسە دووبارەبووەکانی بن گڤیر پێشانیدەدەن "نەتەنیاهوو جڵەوی حکومەتەکەی لەدەستداوە."
 
لە لایەنی فەلەستینیشەوە، نەبیل ئەبو رەدینە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی فەلەستین گوتی: قسەکانی بن گڤیر "زۆر مەترسیدارن،" راشیگەیاند: "ئەقسا و پیرۆزییەکان هێلی سوورن، هەرگیز رێگەنادەین دەستیان لێ بدرێت." 
 
هاوکات بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس)ی فەلەستینی، ئەو قسانەی بە "راگەیاندنێکی مەترسیدار" وەسف کرد. حەماس دەڵێت، "پێشێلکارییەکان"ی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا و قودس "سیاسەتێکە کە نەوتی زیاتر بە ئاگرەکەدا دەکات."
 
وەزارەتی دەرەوی ئوردنیش لە راگەیێندراوێکدا گوتەکانی بن گڤیری سەرکۆنەکرد و گوتی: "مزگەوتی ئەقسای پیرۆز، حەرەمی قودسی شەریف و هەموو رووبەرە 144 دۆنمییەکەی، تەنیا و تایبەت شوێنی پەرستشی موسڵمانانە،" داواشیکرد "هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی روون بۆ سەرکۆنەکردن و وەستاندنی" بن گڤیر هەبێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئوردن هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی پێشێلکاریی سەر شوێنە پیرۆزەکان بوەستێن، هەروەها دۆسیەی یاسایی پێویست ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە دادگە نێودەوڵەتییەکاندا هەنگاو لە دژی پێشێلکاریی سەر پیرۆزییەکان بنێت، کە ئەو دەستدرێژییانە پێشێلکاریی روونن دژی یاسای نێودەوڵەتی، هەروەها هەڵچوونێکی مەترسیدارن کە ئوردن بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاری دەبێتەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش قسەکانی وەزیرە ئیسرائیلییەکەی سەرکۆنەکرد و جەختیکردەوە لە "رەتکردنەوەی تەواوەتیی شانشینەکە بۆ ئەم لێدوانە تووندڕۆ و دنەدەرانە." سعودیە هەروەها "دنەدانی بەردەوامی هەستی موسڵمانانی سەرانسەری جیهان رەتدەکاتەوە و جەخت لە پێویستیی رێزگرتن لە دۆخی مێژوویی و یاسایی مزگەوتی ئەقسا دەکاتەوە."
 
هەروەها ئیمارات قسەکانی بن گڤیری بە تووندی سەرکۆنەکرد و دووپاتیکردەوە کە "پێویستە ئیسرائیل رێز لە دۆخی مێژوویی و یاسایی قودس بگرێت و دەستی بۆ نەبات." 
 
قەتەریش قسەکانی وەزیرەکەی سەرکۆنەکرد و رایگەیاند، ئەوە "درێژدانە بە هەوڵەکانی گۆڕینی دۆخی مێژوویی و یاسایی مزگەوتی ئەقسا و دنەدانە لە دژی هەستی موسڵمانانی جیهان،"هۆشداریشی دا لەوەی ئەو جۆرە لێدوانانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەوڵەکانی ئاگربەستی جەنگی غەززە دەبێت. 
 
13ی ئاب، بن گڤیر لەگەڵ نزیکەی سێ هەزار جوو چوونە نێو حەوشەی مزگەوتی ئەقسا و نزا و نوێژیان کرد، کە ئەوەش کاردانەوەی فەلەستین و وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.